قوتابخانەی زمانی کوردی

رێنووس و ڕێزمان – Kurdish language school

پێکەوە هەڵنەکردنی دوو دەنگی کپی (ن) و (ب) لە زمانی کوردیدا/ شاسوار هەرشەمی

لە زمانی کوردیی، بە ھاوشێوەی زۆرێک لە وشە پەھلەوییەکان، دەنگی کپی “ن” لە پێش دەنگی کپی”ب” گۆکردنی لەسەر زاران سەختە، بۆیە بۆ دەنگی “م” دەگۆڕێت. ئەم دیاردەیە گشتگیرە و لە سەرێ ھەتا خوارێ، بە زمانی کوردییدا شۆڕدەبێتەوە. تەنانەت وشەی لە زمانانی دی وەرگیراویش دەگرێتە خۆ.
بێگومان ئەو دەنگانە، لە شێوەی گۆکردنیاندا، جۆرێک لە هاوبەندییان پێکەوە هەیە. بۆ نمونە، هەردوو دەنگەکانی (ن) و (م)، لووتیی، یان ناسالن. دەنگی ناسال، Nasal، بریتین لەو دەنگانەی، کە بە دەرچوونی توندی ھەوا لە لوتەوە، دروست دەبن. هاوکات، دەنگی (م) هاوشێوەی دەنگی (ب)، لابیالە. لابیال، labial، واتا دەنگی لێویی. بریتین لەو دەنگانەی کە بە لێو دروست دەبن و گۆدەکرێن.
نمونه‌ی خۆماڵی لەسەر ئەم گۆڕینی دەنگە لە (ن)ەوە بۆ (م)، کاتێک کە (ن) دەکەوێتە پێش دەنگی (ب)ەوە زۆرن، وەک:
بەرانبەر- بەرامبەر. تەنبەل- تەمبەڵ. پەنبە- پەمبە. ھەنبان- ھەمبان. شەنبە- شەمبە (شەممە). چەنبەر- چەمبەر. جونبش- جومبش (وشەی جمین لە جومبش و جومبە ھاتووە). گونبەز- گومبەز و گومبەت. دەنبوس- دەمبوس.
دەبینین کە دیاردەکە لە زمانی کوردیی مێژوییە و بۆ سەر زمانی زووتر و پرۆتۆمان دەگەڕێتەوە. هەمان دیاردە، لانی کەم، ھەر زوو لە زمانی پەھلەویڕا دەستی پێکردووە. وەک:
زەمبەق: ناوێکی کۆنی گوڵی سۆسنە. ناوەکە دەچێتەوە سەر زبانی پەھلەویی، کە ناوەکە بریتی بووە لەçambak ، چەمبەک. وشەکە بە شێوەی (زنبق، زەنبەق) کەوتۆتە ناو زبانی عارەبییشەوە.
پەمۆ: واتا لۆکە. کەتانی خۆشنەکراو. وشەیەکی کۆنە بۆ لۆکە. لە پەھلەویی ماوەتەوە کە پێیگوتراوە،pambak ، پەمبەک. فارسیی پەنبە. لە زمانی گرێکیی،bambax ، بەمباکس.
دەمبوس، وشەکە لە پەھلەوییەوە ماوەتەوە. لەو زبانەدا،dambus ، دەمبوس بریتی بووە لە دار عەسایەک کە سەرەکەی، یان دەشێ بڵێین کلکەکەی وەک گۆ خڕ و تۆپەڵ بوو.
گومبەز و گومبەت لە کوردیی زۆر کۆنن. وشەکە لە پەھلەوییەوە بۆمان ماوەتەوە، کە پێیگوتراوە،gombat ، گۆمبەت. لە فارسیی گونبەد. دیارە پڕۆسەکە لە پەھلەویی گشتگر نەبووە، وەک:
لە ھەمبان کە وشەیەکی دی ڕەسەنی کوردییە، بە پێچەوانەی پەھلەویی، پێڕەوی لە ڕێسا کوردییەکە دەکات. لە پەھلەویی،hanban ، ھەنبان بۆمان ماوەتەوە.
ھەروەک ھەموار: واتە شت، یان شوێنێکی ڕێکخراو و گونجێندراو. ناھەموار واتا نەگونجاو. چاکنەکراو. خۆشنەکراو. لە فارسیی ھەموار. وشەکە لە پەھلەویی بە شێوەی، hanbar ھەنبار ھەبووە بەواتای ساف و لوس. یەکسان و وەک یەک. ڕێک. هه‌روه‌ها وشەکانی عه‌مبار و ئامبار له‌ په‌هله‌ویی به‌ هه‌ردوو شێوه‌ی، anbar، ئه‌نبار،hanbar، هه‌نبار.
لە وشەی کوردیی وەرگیراویشدا نمونە زۆرن. وەک: عەنبەر- عەمبەر. عەنبە- عەمبە. زەنبیل- زەمبیل. قەنبەر- قەمبەر. قونبەلە- قومبەلە. زەنبەرە- زەمبەر. جانیب- جەم (لە کرمانجی). سونبول- سومبول.
کەچی دیاردەکە وشەی لێکدراو، چ خۆماڵی و چ وه‌رگیراو، ناگرێتەوە. وەک گرانبەھا. گیانباز. خانباجی. خوێنبەر.
بە دیاردەیەکی هاوشێوەی ئەم دیاردە زمانەوانییە دەگوترێت، دیسسیمیلاسیۆن.
دیسسیمیلاسیۆن:- Dissimilation. هەروەک دیسسیمیلەیشن، بریتیە لە گۆڕان بەسەر وشەیەکدا ھاتن، کاتێک کە دوو دەنگی وەک یەک، یان دوو دەنگی له‌یه‌کچووی ناو وشەکە، کەوتوونەتە نزیکی یەکدی. ئەمە وا دەکات تا گۆکردنی وشەکە وەکو خۆی، گران و قورس و ناقۆڵا بکات، بۆیە وشەکە، تا گۆکردنی ئاسانتر بێت، لە سەر زمان دەگۆڕێت.
وەک لە وشەی ئینگلیزی (turtle) دەیبینین، کە خودی وشەکە لە وشەی لاتینیی (turtar) وەرگیراوه،‌ بە واتای کیسەڵی ئاوی. سەیر دەکەین، بوونی ھەردوو دەنگی لێکنزیکی، یان لێرەدا وەک یەکی (ر، R)، بەلای ئینگلیزی زمانانەوە، گۆکردنی ناقۆڵا بووە، بۆیە ده‌بێت بە دیسسیمیلاسیۆن بوون، گۆکردنی وشەکە سوک بکرێتەوە. ئەمەش بەمە مەیسەر بووە کە دەنگی یەکێک لە (ر)ەکان بۆ دەنگی (ل) گۆڕاوە. ئەم گۆڕانەش ئەو کاتە بە لۆژیک دێتە بەرچاو، کە دەزانین پەیوەندی لە نێوان ھەردوو گەنگی (ر، ل) لە زمانە هیندۆروپییەکاندا زۆر کۆنە و ئەو جێگۆڕکێیە لە نێوانیاندا ھەمیشە ھەبووە). لە کوردیشدا نمونەی دیسسیمیلاسیۆن زۆر زۆرن. بۆ نمونە لە جیاتی (لە ژێر ڕا) ده‌گوترێت (لە ژێڵا). یان لە جیاتی (خواردتان) ده‌گوترێت (خوارتتان) و ھیدیش.

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google photo

You are commenting using your Google account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

Information

This entry was posted on تشرینی دووه‌م 5, 2018 by in ڕێنووسی كوردی-kurdish dictation and tagged , , , .

ڕێنیشاندەر

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: