قوتابخانەی زمانی کوردی

رێنووس و ڕێزمان – Kurdish language school

زمانی دایک یانی چی؟ کام زمان زمانی دایکی تۆیە؟

زمانی دایک چییە؟

زۆر کەس پێی وایە زمانی دایک یانی ئەو زمانەی دایک قسەی پێ دەکات و منداڵ فێری دەبێت، بەڵام ئەم پێناسەیە پێناسەیەکی تەواو دروست نییە، مەرج نییە منداڵ بە زمانی دایکی زمان بگرێت، ڕەنگە بە زمانی باوکی زمان بگرێت، یان ڕەنگە بە “زمان/زار”ێکی تر نە هیی باوکیەتی و نە هیی دایکیەتی زمان بگرێت، بەڵام لە هەموو حالەتەکاندا ناوی هەر زمانی دایکە. کەواتە چۆن پێناسەی زمانی دایک بکەین؟
زۆر سادە و ساکار: زمانی دایک یەکەم زمانە منداڵ فێری دەبێت و چالاکانە بەکاری دەهێنێت.

ئەی ئەمە چۆنە کە فێری زمانی باوکی دەبێت نەک هیی دایکی؟
ئەگەر دایک و باوکەکە هەمان “زمان/زار”یان نەبوو، بەڵام کەسوکار و هاوڕێیانی باوکەکە لە دەوربەری منداڵەکە بوو و هەموویان بە هەمان “زمان/زار”ی باوکەکە قسەیان لەگەڵ منداڵەکە کرد، ئەو کاتە قەوارەی قسەکردنی ئەو “زمان/زار”ە گەورەتر دەبێت لە هیی دایکەکە و منداڵ فێری ئەو “زمان/زار”ە دەبێت کە هیی دایکی نییە و هیی باوکیەتی.

ئەی ئەوەیان چۆنە کە منداڵ فێری “زمان/زار”ێک دەبێت کە نە هیی باوکەکەیە و نە هیی دایکەکە؟
گریمان باوکەکە ئینگلیزە و دایکەکە ئیسپانییە، بەڵام لە سوێد دەژین، ڕەنگە لەو حالەتەدا بۆ ئەوەی سەر لە منداڵەکە نەشێوێنن، بڕیار بدەن بە سوێدی قسەی لەگەڵ بکەن. ئەو کاتە زمانی سوێدی دەبێت بە زمانی یەکەمی منداڵەکە و وەک زمانی دایک پێناسە دەکرێت.

لە حاڵەتی زاردا، گریمان باوکەکە بە کوردیی باشوور(هەورامی) و دایکەکە بە کوردیی باکوور”کرمانجی” قسە دەکات، بەڵام لە جێیەک نیشتەجێن زۆربەی کوردەکانی بە کوردیی ناوەندی(سۆرانی) قسە دەکەن، دیسان بۆ ئەوەی منداڵەکە بتوانێت پەیوەندی بە دەوروبەرەوە بکات و فێری زارێک بێت کە بەکارهێنانی زۆرترە، ڕەنگە دایک و باوکەکە بڕیار بدەن منداڵەکەیان فێری کوردیی ناوەندی بکەن. کەواتە زمانی دایک یەکەم زمانە منداڵ فێری دەبێت و چالاکانە بەکاری دەهێنێت.

تێبینی: من خۆم بە زاری باوکم زمانم گرتووە. منداڵەکانمان بە زاری کوردیی ناوەندی زمانیان گرتووە کە نە هیی منە و نە هیی دایکیان.

فەهمی کاکەیی

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google photo

You are commenting using your Google account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: