قوتابخانەی زمانی کوردی

رێنووس و ڕێزمان – Kurdish language school

چەند پەیڤێک سەبارەت بە ڕۆژی جەژنی زمانی کوردی/ د. هاشم ئەحمەدزادە

جێژنی زمانی کوردی

ساڵی ١٨٩٨ میقدات بەدرخان بە بڵاوکردنەوەی کوردستان، یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی، لە قاهیرە، بەردی بناغەی نوێخوازیی کوردیی دانا. لە ١٩٣٢ جلادەت بەدرخان، ئەمجارەیان لە شام، بە بڵاوکردنەوەی هاوار، هەنگاوێکی مەزنی دیکەی لەم بارەوە هەڵێناوە. ١٥ی مانگی مای، ساڵوەگەری بڵاوبوونەوەی گۆڤاری هاوار، وەک ڕۆژی زمانی کوردی دەستنیشان کراوە. ئەم بۆنەیەش وەک زۆر بۆنەی دیکەی کوردی، بەداخەوە، نەیتوانیوە هەموو کەلێنوقوژبنی کۆمەڵگەی کوردی بگرێتەوە و ببێت بە جێژنێکی بەرفراوانی نەتەوەیی. لەبەر گرنگیی حاشاهەڵنگەری پرسی زمان لە ئافراندن و ئاراستەکردنی توانایی مرۆڤەکاندا، پێویستە و دەبێ خەباتکاران و غەمخۆرانی کورد بە بەردەوامی ئاوڕ لە چارەنووسی زمانەکەیان بدەنەوە. زمان وەک ماکەی ئەندێشە و ماڵی بوون و دەرهاویشتەی ئاستی گەشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی و هزری و ناسنامەیی مرۆڤەکان، چ وەک تاک و چ وەک کۆمەڵ، دەبێ لە ڕۆژەڤی هەموو پلانە سیاسی و هزرییەکاندا بێت.

لە هەلومەرجی بێدەرەتانی و بێدەرفەتیی خەمڵاندن و گەشەپێدانی زمانی کوردی لە بواری ئەدەب و پەروەردە و بەڕێوەبەریدا، دەبێ چ ڕێکارگەلێک ڕەچاو کرێن کە ئەو زمانە و ئاخێوەرانی نەکەونە پەراوێژی مێژووەوە؟ ئایا ئێمە دەبێ دەستەوەستان ڕاوەستین و چاوەڕوانی دەرفەت بکەین؟ یان دەبێ قۆڵی لێ هەڵماڵین و بۆخۆمان بە دەستپێشخەریی نوێ، لە توانا شاراوەکانمان کەڵک وەرگرین؟ بۆ زمان و نەتەوەیەک کە هەڕەشەی توانەوەی لەسەرە و دەرفەتی پێویستی بۆ گەشەپێدان بە زمان و فەرهەنگی خۆی لێ ڕەوگیر کراوە، دەبێ هەوڵدانی دەستپێشخەرانەی هەمەلایەنە دە هانایەوە بێت. ئەگینا ڕەوش لەوەش خراپتر دەبێت. تێکۆشین بۆ کەڵکوەرگرتن لە هەموو ئامرازەکانی ئەم سەردمە دەتوانێت هەلومەرج و ئاستی وشیاریی نەتەوەیی زۆر باشتر بکات. بیستنی بەردەوامی ئەوەی کە ناتوانین بە کوردی بخوێنینەوە و بنووسین، هەر لە خۆڕا چارە ناکرێت و دەبێ بیری لێ بکرێتەوە. تێکنۆلۆژیای ئەم سەردەمە دەتوانێت تاڕاردەیەکی زۆر پاشەکشە بە بەربەستە سیاسی و جۆغرافییەکان بکات. یوڤال نوا هەراری، پڕۆفیسۆری گەنج و توانای زانکۆی ئورشەلیم، لە ڕێگەی ئانلاینەوە کۆرسێک بەڕێوە دەبات کە ٦٥٠٠٠ خوێندکار تێیدا بەشدار دەبن. ئایا ئێمە دەتوانین بواری زمان و ئەدەبی خۆمان هێندە سرنجڕاکێش بکەین کە بە هەزاران خوێندکار لە هەموو بەشەکانی کوردستانەوە بۆ فێربوون و دەکارهێنانی زمانی خۆیان بەشداری کۆرسگەلی لەم چەشنە بن؟ باوەڕ بە پێداویستیی و گرنگیی ئەم بابەتە دواجار ئیرادە و هەوڵی بێوێنەی بەدوادا دێت. لەڕاستیدا هەوڵی لەم چەشنە ڕێگای ڕزگاریی مرۆڤی کورد و دانیشتوانی دیکەی جۆغرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆش دەکات و دەبێتە یارمەتیدەری پەرەپێدانی بنەماکانی ئازادی و دێمۆکراسی و پاراستنی مافە دێمۆکراتیکەکان.

لە پەیجی فەیسبووکی د. هاشم ئەحمەدزادە وەرگیراوە

ڕۆژی زمانی کوردی 🔹
 کافەکتێبی ئەندێشە

ڕۆژی زمانی کوردی

🔹ڕێکەوتی 1932/5/15 لە باکووری کوردستان و لەلایەن جەلادەت عەلی بەدرخان دەست کرا بە چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری “هاوار” و بە بۆنەی ئەو چالاکییە مەزنەوە لەلایەن نووسەر و چالاکوانانی چاند و وێژەی کوردەوە لە باکووری کوردستان ئەمڕۆ وەک ڕۆژی جێژنی زمانی کوردی ناودێر کراوە.
گۆڤاری هاوار کە بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو کراوەتەوە، بە یەکەم گۆڤار دێتە ئەژمار کە چاپ و بڵاو کراوەتەوە، ئەو گۆڤارە هەتا ساڵی 1943 بەردەوام بووە و سەرجەم 75 ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە.
لە کۆی ئەو 57ژمارەیەی گۆڤاری هاوار، هەتا ژمارەی 23 بە دوو ئەلف و بێی لاتین و ئارامی چاپ و بڵاو کراوەتەوە، و لە ژمارەی 24 بەولاوە تەنیا بە ئەلف و بێ و تیپی لاتین بڵاو کراوەتەوە و لە دووتوێی گۆڤاری هاواردا جیا لە شێوەزاری کورمانجی بە شێوەزارەکانی زازاکی، سۆرانیش بابەت چاپ و بڵاو کراوەتەوە.
هەندێک لە نووسەران و شاعیرانی کورد لە گۆڤاری هاواردا بابەتیان بڵاو کردووەتەوە کە بریتین لە: “جەلال عەلی بەدرخان، ڕەوشەن بەدرخان، دکتۆر کامران عەلی بەدرخان، عوسمان سەبری، قەدری جان، جگەر خوێن، مستەفا بۆتی، قەدرێ جەمال پاشا، دکتۆر نوورەدین زازا، لاوێ فەندی، ئەحمەد نامی، حەسەن هوشیار، بەشار سەگمان و نێریڤان ڕەشتی کورد و چەندان کەسی دیکە.

بە بۆنەی ڕۆژی جێژنی زمانی کوردی ساڵانە لە شا و شارۆچکەکانی باکووری کوردستان و لە ناوەندە چاندی و وێژەییەکان، بۆنە و ڕێوڕەسمی کولتووری و چالاکیی هونەری ساز دەکرێت، لێ مخابن هەتا ئیستا ئەم بۆنەیە لە پارچەکانی دیکەی کوردستان ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە و یادی نەکراوەتەوە.

☕️📚 @CafeAndesha


وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google photo

You are commenting using your Google account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: