ئەم بابەتەم پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٠٠٥/٠١/١١ بڵاو کردەوە، بەڵام ئێستە پاش ١٤ ساڵ، بە پێداچوونەوەی تر و بە نووژەنکردنەوە و پێزیادکردنی تر، سەرلەنوێ بڵاوی دەکەمەوە.
بەشی یەکەم و دووم: (١. خاڵ. ٢. جووتخاڵ)
پێشه‌کی
١. خاڵ .
٢. جووتخاڵ :
***
پێشه‌کی
خاڵبەندی ئەو نیشانانەن کە لە پێوەندیی نووسراویدا خوێندنەوەی ڕستەکان بێهەڵە و ئاسان دەکەن، کورت و درێژی و شوێنی گت و وچان لە ڕستەدا دەستنیشان دەکەن. خاڵبەندی وا دەکات که ڕستەکان بۆ نموونە بە شێوەی پرسیاری، داواکردن، سەرسوڕمان یان دەربڕینێکی سادە بێنە بەر گوێ.
بەشێکی زۆری ڕێساکانی خاڵبەندی نێونەتەوەیین و یاساکانیان چونیەک و گشتگیرن. بەشێکیان لە ئەلفبێیەکەوە بۆ ئەلفبێیەکی تر بواری بەکارهێنانیان دەگۆڕێت. نیشانەکانی خاڵبەندی دەق لە ڕووی سینتاکس و واتاوە دابەش دەکەن.
هەر دەقێک که خاڵبه‌ندی تێیدا ڕه‌چاو نه‌کرابێت، ده‌بێته هۆی ئەوەی کە خوێنەر سەری لێ بشێوێت و لە نووسراوەکە بەهەڵە تێ بگات. چاو لەم ڕستەیە بکەن کە چۆن بە جێگۆڕکێی بۆر “،” بەتەواوەتی واتای ڕستەکە دەگۆڕێت:
بەزەیی، پێویست نییە بیگرن.
بەزەیی پێویست نییە، بیگرن!
هەر بۆیە زۆر گرنگە لە خاڵبەندیدا وردبین بین. لێرە هەوڵ دەدەین گرنگترین ئەرکەکانی نیشانەکانی خاڵبەندی بخەینە بەر چاو.
یه‌که‌م: خاڵ (.)
خاڵ (.)، لەم شوێنانەدا دادەنرێت:
١. بۆ کۆتایی پێهێنانی ئەو ڕستانەی کە وتە یان دەربڕینێک پێک دەهێنن، نموونە:
نه‌ورۆز یه‌که‌م مانگی کوردییه.
دوێنێ نامه‌که‌م نووسی.
تێبینی: خاڵ پاش نیشانە جیاکەرەوەکانی تری وەک نیشانەی پرسیار و نیشانەی بانگکردن دانانرێت:
نامەکەت نووسی؟
نامەکە بنووسە!
٢. له دوای یه‌که‌م، یا یەکەم و دووه‌م پیتی ناوێک که پێش ناوهێنانی پاشناوه‌که‌ی بکه‌وێت، وه‌ک:
ع. شه‌ره‌فکه‌ندی
م. م. به‌درخان
٣. بۆ کورتکردنه‌وه‌ی هەندێک نازناو و پیشە و ڕێکه‌وت، دوای یه‌که‌م یان دووەم پیت داده‌نرێت، وه‌ک:
پێغه‌مبه‌ر (د. خ.) (دروودی خودای لێ بێت)
پ. عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵ (پرۆفیسۆر)
د. سۆران (دوکتۆر)
ماده‌کان ٧٠٠ ساڵ پ. ز. (پێش زایین) سه‌ریان هه‌ڵدا.
٤. لە کاتی کورتکردنەوەی هەندێک ناو کە لە چەند وشە پێک هاتوون:
ی. ن. ک. (یەکێتیی نووسەرانی کورد)
تێبینی: ئەگەر ئەو پیتانە کەوتنە کۆتاییی ڕستەوە ئیتر بۆ کۆتایی پێهێنانی ڕستەکە خاڵی تر دانانرێت:
ئەو بوو بە ئەندامی ی. ن. ک.
واتە: ئەو بوو بە ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کورد.
٥. لە دوای سەردێڕی سەرەوەی دەقێک، تەنانەت ئەگەریش سەردێڕەکە ڕستەیەکی تەواو بێت، نموونە:
خۆر بەشێک لە گەلەستێرەیە
خۆر ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌وره و مه‌زنه، ٩ هه‌ساره بە دەوری خۆردا ده‌سووڕێنه‌وه. یەک یان چەند مانگ به ده‌وری هه‌ر كام له‌م هه‌سارانەدا دەسووڕێنهوه. ئه‌مانه سه‌رجه‌م پێیان ده‌وترێت “كۆمه‌ڵه‌ی خۆری”.
“كۆمه‌ڵه‌ی خۆری” به‌شێكی زۆر زۆر زۆر بچووكه له كۆمه‌ڵێ ئه‌ستێره‌ی تر كه پێیان ده‌وترێت “كاكێشان” یان “گه‌له‌ستێره”. له بۆشاییدا “گه‌له‌ستێره” زۆر هه‌ن. وا ده‌خه‌مڵێنرێت كه پتر له ١٧٠ میلیارد “گه‌له‌ستێره” لە “بۆشاییی بینراو”دا هه‌بن.
بەڵام ئەگەر سەردێڕەکە بوو بە بەشێک لە دەقەکە ئەو کاتە لە کۆتاییی ڕستەکەدا خاڵ دادەنرێت:
خۆر بەشێک لە گەلەستێرەیە. خۆر ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌وره و مه‌زنه، ٩ هه‌ساره بە دەوری خۆردا ده‌سووڕێنه‌وه. یەک یان چەند مانگ به ده‌وری هه‌ر كام له‌م هه‌سارانەدا دەسووڕێنهوه. ئه‌مانه سه‌رجه‌م پێیان ده‌وترێت “كۆمه‌ڵه‌ی خۆری”.
“كۆمه‌ڵه‌ی خۆری” به‌شێكی زۆر زۆر زۆر بچووكه له كۆمه‌ڵێ ئه‌ستێره‌ی تر كه پێیان ده‌وترێت “كاكێشان” یان “گه‌له‌ستێره”. له بۆشاییدا “گه‌له‌ستێره” زۆر هه‌ن. وا ده‌خه‌مڵێنرێت كه پتر له ١٧٠ میلیارد “گه‌له‌ستێره” لە “بۆشاییی بینراو”دا هه‌بن.
تێبینی: بەڵام ئەگەر سەردێڕەکە لە چەند ڕستە پێک هاتبێت، ئەوا لە کۆتاییی ڕستەکان خاڵ دادەنرێت بەڵام لە دواڕستەی سەردێڕدا خاڵ دانانرێت:
خۆر بەشێک لە کۆمەڵەی خۆرییە. کۆمەڵەی خۆری بەشێک لە کاکێشانە
خۆر ئه‌ستێره‌یه‌كی گه‌وره و مه‌زنه، ٩ هه‌ساره (planet) بە دەوری خۆردا ده‌سووڕێنه‌وه. یەک یان چەند مانگ به ده‌وری هه‌ر كام له‌م هه‌سارانەدا دەسووڕێنهوه. ئه‌مانه سه‌رجه‌م پێیان ده‌وترێت “كۆمه‌ڵه‌ی خۆری” (Solar System).
“كۆمه‌ڵه‌ی خۆری” به‌شێكی زۆر زۆر زۆر بچووكه له كۆمه‌ڵێ ئه‌ستێره‌ی تر كه پێیان ده‌وترێت “كاكێشان” یان “گه‌له‌ستێره” (Galaxy). له بۆشایی (space)دا “گه‌له‌ستێره” زۆر هه‌ن. وا ده‌خه‌مڵێنرێت كه پتر له ١٧٠ میلیارد “گه‌له‌ستێره” لە “بۆشاییی بینراو”دا هه‌بن.
٦. هه‌ندێ جاریش له جیاتیی نیشانه‌ی سه‌رسوڕمان له دوای ئه‌و ڕستانه‌ی داده‌نرێ که داواکارییان تێدایه، وه‌کوو:
وه‌ڵامه‌کانتان به‌راورد بکه‌ن.
٧. ئه‌وڕۆکه کاتێک له پرۆگرامێکی وەک (وۆرد Word)دا بتەوێت دێڕه‌کانت به ژماره دیاری بکه‌یت، خۆی خۆکار پاش
ژماره‌کان خاڵ دادەنێت، وه‌ک ئەو خاڵانەی کە دوای ژمارەکانی خوارەوەدا دانراون:
١. مرۆڤ بۆی هه‌یه بیروڕای خۆی دەرببڕێت.
٢. که‌س بۆی نییه بیروبۆچوونی کەسێکی تر بخاته ژێر پرسیاره‌وه.
٣. هەمووان لە کۆمەڵگادا مافی یەکسانیان هەیە.
سه‌رنج: “خاڵ” دەبێت بلکێنرێت به وشه‌که‌ی پێش خۆیەوە و لەگەڵ وشەی پاش خۆیدا بۆشاییی هەبێت.
***
دووه‌م ـ جووتخاڵ :
جووتخاڵ یان دووخاڵ له‌م شوێنانه‌دا داده‌نرێت:
١. له پێش ئاخاوتنێکه‌وه که وه‌ک خۆی بگێڕدرێته‌وه، یان بگوترێت، وه‌ک:
ئاسۆ وتی: «من خه‌ڵکی کوردستانم.»
تێبینی: لەم نموونەیەدا چونکە ڕستەیەکی تەواومان هەیە و کۆتاییی پێ هاتووە، نیشانەی خاڵەکە دەکەوێتە ناو جووتکەوانەکەوە.
٢. له دوای وشه یان باسێک که پێویستی به ڕاڤه و لێکدانه‌وه بێت، وه‌ک:
میرنشینه کوردییه‌کان بریتی بوون له: ئه‌رده‌ڵان، سۆران، بادینان، بابان، هه‌کاری و بۆتان.
٣. پێش هێنانه‌وه‌ی نموونه، له بری: (بۆ وێنه، وه‌کوو، بۆ نموونه …)، له‌م دۆخه‌دا ده‌توانرێت ته‌قه‌ڵێکیش دوای جووتخاڵەکە دابنرێت، وه‌کوو:
ئاسمانی ئه‌ده‌بی کوردی پڕه له ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه:- نالی، مه‌حوی، گۆران، هێمن و هتد.
٤. زۆر جار له نێوان کاته‌کانی کاتژمێرێکدا هێمای دووخاڵ به‌کار دەهێنرێت، وەک:
١٠:٢٠:١٢
(کاتژمێر ١٠ و ٢٠ خوله‌ک و ١٢ چرکه).
تێبینی: لەم نموونەیەدا چونکە نووسینی ناو کەوانەکە ڕستەیەکی تەواو نییە، نیشانەی خاڵ لە دەرەوەی کەوانەکە دادەنرێت.
سه‌رنج: جووتخاڵ ده‌بێت بلکێنرێت به وشه‌که‌ی پێشیه‌وه و لەگەڵ وشەی دوایدا بۆشاییی هه‌بێت.
اڵبەندی، بەشی ٣ و ٤:
بۆر (،) و خاڵبۆر (؛):
***
سێیه‌م: بۆر (،)
بۆر نیشانه‌ی پشوویه‌کی کورته، له‌و شوێنه دادەنرێت که وا له ڕسته‌که بکات ئاسان بخوێنرێته‌وه، ڕوون بێت و به‌باشی تێ بگەیەنرێت. بۆر، چاره‌سه‌رێکی باشه بۆ ڕسته‌ی دوورودرێژی پشووبڕ.
بۆر (،) له‌م شوێنانه دادەنرێت:
١. له دوای ناوی بانگکراوه‌وه، وه‌ک:
کچینه، هه‌وڵ بده‌ن، به هه‌وڵدان ده‌گه‌نه ئامانج.
٢. له نێوان جێگر و جێلێگیراودا، وه‌ک:
مه‌ستووره‌ی کوردستانی، هۆنه‌ر و مێژوونووس، له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا ده‌ژیا.
٣. له‌و شوێنانه‌ی که ژماردن و دووپاتبوونه‌وه‌ی تێدایه، وه‌ک:
خوێ، ڕۆن، پیاز و برنج هه‌موو ئه‌و شتانەن که پێویستن.
زانیارییه‌کی باش، باشی هه‌بوو.
٤. بۆ جیاکردنه‌وه‌ی وشه‌ی سه‌رسوڕمان و وشه‌ی بانگلێکراو له ڕسته‌دا، وه‌ک:
ئۆف، چ هه‌وایه‌ک!
ئاخ، کوردستانەکەم!
٥. بۆ دابڕینی زنجیره وشه‌یه‌ک له یه‌کتر که دوو دوو و پێکه‌وه به‌کار هێنرابن، وه‌ک:
پێشمه‌رگه به برسیه‌تی و تینوویه‌تی، به هیلاکی و ماندوویه‌تی، کۆڵی لێ نادات.
٦. له دوای گێڕانه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر قسه‌که‌ر، قسه‌یه‌کی کۆنی خۆی بگێڕێته‌وه، وه‌ک:
خۆم وتم، “چێ‌کردنی ماڵپه‌ڕ زۆر ئه‌سته‌م نییه.”
٧. له پێش ئامرازی لێکده‌ری (وه، یا، یان)ه‌وه، به مه‌رجێک نه‌که‌وتبێته سه‌ره‌تای ڕسته‌وه، وه‌ک:
نه تۆ هاتبووی بۆ کۆبوونه‌وه‌که، وه نه ئاراسی هاوڕێت.
یا نامه‌که بنووسه، یان په‌ڕتووکه‌که بخوێنه‌ره‌وه.
٨. له دوای وشه‌ی (به‌ڵێ، نه و نه‌خێر)ه‌وه، وه‌ک:
به‌ڵێ، نامه‌که‌م نارد.
نه، له‌و کاته‌دا ناتوانم به‌شدار بم.
٩. له باتیی فرمانێک بۆ ئه‌وه‌ی دووپات نه‌بێته‌وه، وه‌ک:
من ده‌چم بۆ سلێمانی و ئه‌ویش، بۆ هه‌ولێر.
١٠. له ڕسته‌ی لێکدراودا، ده‌توانرێت له بری ئامرازی لێکده‌ری (و) به‌کار بهێنرێت، وه‌ک:
شنۆ ویستی بچێت بۆ شایی، جلی له‌به‌ر کرد، خۆی ڕازانده‌وه، ته‌له‌فۆنی له هاوڕێکانی کرد، یه‌کیان گرت، خۆیان گه‌یانده شایییه‌که.
١١. ده‌توانرێت له بری (که)ی لێکده‌ر له ڕسته‌دا به‌کار بهێنرێت، وه‌ک:
پێم خۆشه، پێکه‌وه بچین بۆ سینه‌ما.
سوپاست لێ ده‌که‌م، سه‌رت لێ دام.
سه‌رنج: بۆر (،) ده‌بێت بلکێنرێت به وشه‌که‌ی پێشیه‌وه و لەگەڵ وشەی دوای خۆیدا بۆشاییی هه‌بێت.
چواره‌م: خاڵبۆر (؛)
خاڵبۆر بۆ وچانگرتنێکی درێژتر له بۆری ساده، به‌کار ده‌هێنرێت. زۆر جار، له‌و ڕستانه‌ی که زۆر لێک نزیکن له باتیی خاڵ داده‌نرێ، وه‌ک:
له‌م ساڵانه‌ی دوایییه‌دا، کوردێکی زۆر په‌ڕیوه‌ی هه‌نده‌ران بوون؛ کورده‌کان ده‌توانن سوودێکی زۆر به گه‌له‌که‌یان بگه‌یه‌نن.
درێژەی هەیە …