ڕێنووسی زمانی کوردی/ Kurdish orthography
ڕێنووس واتە “یاسا و ڕێسای چۆنێتیی نووسینی وشە و فرمانی زمانێک لە دۆخی جۆربەجۆری وەک تاک، لێکدراو، داڕێژراو و گەردانکراودا. ڕێنووسهەروەها باس لەوە دەکات کە پێوەندیی وشەنووسراوەکان لەگەڵ “ئامرازەکان”دا چۆنن، چۆن لەگەڵ “گیرەک“دا هەڵسوکەوت دەکرێت”. بۆ نموونە کام لەمانە ڕاستن؟
ڕەچاونەکردنی ڕێنووس دەبێتە هۆی ئەوەی کە وشەکان بەهەڵە بخوێنرێنەوە، هەروەها لە دنیای دیجیتاڵیی ئەوڕۆکەدا ئەگەر ڕێنووسێکی یەکدەست ڕەچاو نەکرێت، کێشەی زۆر گەورە لە تۆمارکردن و بەدواداگەڕانی تۆمارکراوەکان لە بنکەدراوەکاندا دێنە پێش. نووسین هەر ئەوە نییە لەسەر کاغەزێکدا دیارە بەڵکوو دەبێت بتوانین بە شێوەی دیجیتاڵییش تۆماری بکەین و بۆ هەر پیتێک کۆدێکی تایبەتی دیاری بکەین و هەر وشەیەکیش تەنها بە یەک شێوە بنووسین. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە تەنیا لە یەک تەختەکلیلی ستاندارد و یەک شێوازی ڕێنووس کەڵک وەر بگرین.
هەندێک جار ڕێنووس پاڵپشتییەکی زمانەوانیی لەگەڵە، هەندێک جاریش تەنها پێویستی بە “ڕێککەوتن”ێک هەیە.
پیتەکانی ئەلفبێی هیچ زمانێک بەتەواوی هەموو دەنگەکانی ئەو زمانە نانوێنن، بەڵکوو دەبێت ڕێککەوتنێک لەنێوان بەکارهێنەرانی زمانەکەدا هەبێت.ئەم ڕێککەوتنەش نابێت بەپێی چێژی تاکەکەسی بێت بەڵکوو دەبێت بەپێی بڕیاری گشتیی زۆرینەی زمانەوانان یان کۆڕ و کۆمەڵە زمانەوانییەکانی زمانێک بێت.
لەم وتاره‌دا، هه‌وڵ ده‌درێت به‌گوێره‌ی بڕیاره‌کانی “ئەکادیمیای کوردی” و ڕێککەوتنەکانی هەندێ گرووپی ئایتی وەک (زانستپەروەرانی کورد) و به‌له‌به‌رچاوگرتنی زانستی تەکنۆلۆجیای زانیاری (IT) و به به‌راوردکاری له‌گه‌ڵ زمانه زیندووه ئه‌ورووپییه‌کاندا، کۆمه‌ڵێک یاسا و ڕێسا ڕوون بکرێنه‌وه، تا لهڕێنووسێکی بێههڵه نزیکتر ببینه‌وه.
لەم ڤیدیۆیە کە لە یوتووب دامان ناوە دەتوانن سەردێڕی پتر لە ٤٠ هەڵەی ڕێنووسی چاو لێ بکەن.
تەختەکلیل و فۆنتی یونی‌کۆد:
پێش لەوەی بچینە ناو باسی ڕێنووسەوە، دەبێت ئاماژە بەوە بکەم کە هەموو کەسێک دەبێت واز لە تەختەکلیل و فۆنتی نایوینکۆد بهێنێت و بەس کەڵک لە تەختەکلیل و فۆنتی یونی‌کۆد وەربگرێت. بۆ زانیاریی زیاتر دەتوانن چاو لە ڕەوتی تەختەکلیلی کوردی بکەن.
***
بڕیاری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: هەموو دامودەزگا حکوومەتییەکان لە کوردستاندا دەبێت کەڵک لە تەختەکلیل و فۆنتی یونی‌کۆد وەربگرن. بڕیارەکە.
***
باشترە لە باتیی “ئەلف بێ“، “ئەلف و بێ” یان “ئەلفوبێ” تەنیا (ئەلفبێ) بەکار بهێنرێت چونکە ئەو وشەیە وشەیەکی لێکدراوە، وشەی لێکدراویش لە پلەی یەکەمدا دەبێت بەبێ یارمەتیی هیچ گیرەکێک چێ بکرێت، ئەگەر ئەوە نەکرا ئەو کاتە لە هەندێک ئامراز و گیرەکی وەک (…و…) کەڵک وەردەگیرێت.
***
پیتەکان و دەنگەکان:
پیتەکان: پیتەکانی ئەلفبێی زمانی کوردی (٣٤) پیتن و بەم شێوەیەی خوارەوە ڕیز دەکرێن:
ئـ ـ ا ـ ب ـ پ ـ ت ـ ج ـ چ ـ ح ـ خ ـ د ـ ر ـ ڕ ـ ز ـ ژ ـ س ـ ش ـ ع ـ غ ـ ف ـ ڤ ـ ق ـ ک ـ گ ـ ل ـ ڵ ـ م ـ ن ـ هـ ـ ە ـ و ـ ۆ ـ وو ـ ی ـ ێ.
تێبینی: گرنگە پیتەکان بەو شێوەیەی سەرەوە ڕیز بکرێن و شوێنەکانیان پێش و پاش نەخرین.
***
دەنگەکان:
زمانی کوردی (٣٧) دەنگی هەیە، بەڵام لە سیستەمی ئەلفبێدا (٣٤) پیتی بۆ دیاری کراوە.
کە وا بێت، پیتی (و) و پیتی (ی) هەم ئەرکی بزوێن و هەمیش ئەرکی نەبزوێن دەگێڕن.
دەنگی فرەکورتی (i)یش کە پێی دەوترێت “بزرۆکە” هیچ پێتێکی بۆ دانەنراوە: (بردن birdin).
کە وا بێت بۆ (٥) دەنگی (w, u, y, î, i) تەنیا (٢) پیتی (و، ی) لەبەرچاو گیراوە، هەر بۆیە دەڵێن ژمارەی دەنگەکان (٣٧)ن و ژمارەی پیتەکان (٣٤)ن. لە زۆربەی زمانەکانی دنیادا ژمارەی دەنگەکان و پیتەکانی ئەلفبێ وەکوو یەک نین، بۆ نموونە لە زمانی فارسی، سویدی و ئینگلیزی‌دا.
***
٣. بزوێنەکان
بزوێن به‌و ده‌نگانه ده‌وترێن که له کاتی بێژه و گۆکردندا، ده‌م و زار تۆزێک زیاتر ده‌کرێنه‌وه و زیاتر ده‌کێشرێن. بزوێنه‌کان جووڵه و بزواندن ده‌خه‌نه ناو وشه‌وه.
بزوێنه‌کان له‌ڕاستیدا (٨) ده‌نگن، به‌ڵام لە ئەلفبێدا ته‌نها (٧) ده‌نگیان پیتیان بۆ دانراوه و ده‌نووسرێن و بریتین لە: (ا، ە، و، ۆ، وو، ی، ێ).
***
یاسا: هەر وشەیەکی کوردی پێک هاتووە لە لانی کەم یەک بڕگە و لە هەر بڕگەیەکیشدا یەک بزوێن هەیە:
***
٤. یاسای بزوێن و دۆخە ئاوارتەکان
لە وشەی سەربەخۆی فەرهەنگیدا دوو بزوێن بەدوای یەکتردا نانووسرێن، بەڵام جاری وایە کاتێک کە پاشگرێک یان وشەیەکی تر بێتە پاڵ وشەی پێشەوە، ڕەنگە ئەو یاسایە تێک بچێت، بۆ نموونە وشەیەکی وەکوو “خەوتووەکان” لەڕاستیدا بە سێ واو بێژە و گۆ دەکرێت “خەوتوووەکان xewtûwekan“، بەڵام چونکە بڕیار دراوە کە سێ واو “ووو” بەدوای یەکتردا نەنووسرێت هەر بە “وو” دەینووسین وەک:
بەڵام لەو جۆرە دۆخانە بەو لاوە، لە وشەی کوردی‌دا دوو بزوێن بەدوای یەکتردا نانووسرێن.
دۆخی ئاوارتە دوو نەبزوێن لە سەرەتاوە:
زۆرینەی کرمانجیئاخێوەکان وشەی “ستران” لە کرمانجیی ژووروودا بە “stran” بێژە دەکەن، نەک “sitran”. واتە ئەگەر چاوی لێ بکەن لە سەرەتای ئەو وشەیەدا سێ نەبزوێن پێکەوە هاتوون بێ ئەوەی پێویست بە بزوێن بکات، “ستر str“.
نموونەی تر وشەی Stockholm ە کە بە سویدی پێی دەوترێت “ستۆکهۆڵم Stockholm”، نەک “ئستۆکهۆڵم Istockholm” یان “Sitokholm”، هەر کاتێک بمانەوێت ئەو ناوە بە کوردی بنووسین هەر دەبێت بنووسین: “ستۆکهۆڵم”، لەوێشدا دەبینن کە لە سەرەتای وشەکەدا دوو نەبزوێن “ست” هاتوون.
***
٥. بزرۆکە (i)
هەندێک وشه‌ی کوردی هه‌ن که له ڕواڵه‌تدا بزوێنیان تێدا نابینرێت، نموونە: (بردن، من، ژن، چل، مردن، بزن، خستن)، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ده‌نگی بزوێنیان تێدایه. ئه‌و بزوێنه له ئه‌لفبێی کوردیی لاتینیدا به پیتی (i) دیاری کراوه، به‌ڵام له ئه‌لفبێی عه‌ره‌بیدا هیچ پیتێکی بۆ دانه‌نراوه، لەم ئەلفبێیەدا دیار نییه و بزر بووه، بۆیه ناوی نراوه: بزرۆکە (کسره مختلسه). ئەگینا لەڕاستیدا (بزوێنی فرەکورت)ە، نموونه:
(بردن birdin)، (من min)، (ژن jin)، (چل çil)، (مردن mirdin)، (بزن bizin) و (خستن xistin).
وشه‌ی “مشک” له ناوچه جۆربه‌جۆره‌کانی کوردستاندا به دوو شێوازی (mişk) و (mişik) بێژه ده‌کرێت، به‌ڵام له ئه‌لفبێی عه‌ره‌بیدا هه‌ر به یه‌ک شێواز ده‌نووسرێت: “مشک”.
که وا بێت دەنگێکی تری کوردیمان هەیە و لەگەڵ ئەو دەنگەکانی تر دەبێتە (٨)همین ده‌نگی بزوێنی کوردی و به ئه‌لفبێی ناوەندی نانووسرێت و “بزرۆکە”یه. (i).
جاری وایە پیتی “ئـ” لە سەرەتای وشەدا لە باتیی بزوێنی فرەکورتی بزرۆکە i دەنووسرێت:
ئسفەهان Isfehan، ئنجا inca، ئشق işq.
لەم ڤیدیۆیەدا دەتوانن چاو لە ئەلفبێی کوردی بکەن:
ئەلفبێی کوردی
***
لە کوردیی کرمانجیدا بۆ نووسین کەڵک لەم ئەلفبێیە وەردەگیرێت کە (٣١)پیتن:
A – B – C – Ç – D – E – Ê – F – G – H – I – Î – J – K – L – M – N – O – P – Q – R – S – Ş – T – U – Û – V – W – X – Y – Z
بزوێنه‌کانی بریتین له (٨) ده‌نگ و هه‌ر ههشتهکهیان ده‌نووسرێنه‌وه:
(A – E – Ê – I – Î – O – U – Û)
هێشتا لەلایەن شوێنێکی فەرمیی وەک ئەکادیمیاوە جۆری پیتەکان بە لاتینی بۆ کوردیی ناوەڕاست دیاری نەکراون.
لەو ئەلفبێیەدا بۆ دەنگەکانی (ح، ع، غ، ڕ، ڵ) پیت دەستنیشان نەکراون، هەڵبەت لە سیستەمی یونیکۆددا دەکرێت بۆ ئەو دەنگانە جۆرێک پیت هەڵبژێردرێت، بەڵام زیادکردنی پیتی نوێ لەلایەن ئەکادیمیا و هەندێ زمانەوانەوە زۆر بە گونجاو نازانرێت مەگەر لەڕووی ناچاری بێت. زمانە ئەورووپییەکان خۆیان بۆ هەموو دەنگەکان پیتیان نییە و ئیتر هەوڵ نادەن پیتی نوێ درووست بکەن، بۆ نموونە لە سویدی و ئینگلیزی‌دا پیتیان بۆ دەنگی “ش” نییە.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو پیتانە دەتوانین ئاوا بکەین:
***
کێشەی (ع) بە پیتی لاتینی: دەنگێکی کوردی نییە و وشەی کوردیی زۆر کەممان هەیە کە “ع“ی تێدا بێت، هەر بۆیە باشترە بیر لەوە نەکەینەوە کە پیتی بۆ دابنێین.
پێشنیاری یەکەم: هەر وەک عەرەبەکان بە نیشانەی (‘) بینووسین، وەک: ع ‘: مەعـرووف Me‘rûf،
پێشنیاری دووەم: هەر بە پیتی (a) بنووسرێتەوە وەک: مەعرووف Marûf.
***
کێشەی (ح) بە پیتی لاتینی: دەنگێکی ناکوردییە و پێویست ناکات پیتی بۆ دابنێین.
پێشنیاری یەکەم: هەر بە (h) بنووسرێتەوە و لە وشەدا لە واتاکەی تێ دەگەین: (مەحــوی Mehwî).
پێشنیاری دووەم: بە (ĥ) بنووسرێتەوە، بۆ نموونە ئاوا بەکاری بهێنین: (مەحـــوی = Meĥwî).
***
کێشەی (ڕ) بە پیتی لاتینی: باشتر وایە پیتی جیاوازی بۆ دانەنێین:
پێشنیاری یەکەم: باشترین ڕێگەچارە ئەوەیە هەر وەک کرمانجی پیتی جیاوازی بۆ دانەنێین. وەک زمانە ئەورووپییەکان، بۆ نموونە وەک زمانی سویدی (Nor, Norr) بە دووپاتبوونەوەی خۆی بینووسین:
سەرەتای وشە: هەر بە R بنووسرێت: (ڕێگا = Rêga).
ناوەڕاستی وشە: بە دووپاتبوونەوە: (هەڕە = Herre).
کۆتاییی وشە: دووپاتبوونەوە: (شەڕ = şerr).
پێشنیاری دووەم: بە (Ř) بینووسین بۆ نموونە: (هەڕە heře). کە بژاردەیەکی گونجاو نییە.
***
کێشەی (ڵ) بە پیتی لاتینی: باشتر وایە پیتی جیاوازی بۆ دانەنێین تەنیا بە دووپاتبوونەوەی (L) چارەسەری بکەین:
نموونە: وشەی کاڵـــەک kallek (بۆ سەرەتای وشە پێویست ناکات).
(هەڵاڵە hellalle)،
(پاڵەوان pallewan)،
(لێوئاڵ lêwall).
سەرنج: ئەگەر وشەیەکی وەکوو “کوللە”، “گوللە” بوو ئەو کاتە دوو پیتی (L)ەکە لە لاتینیدا بەیارمەتیی بەستهێڵێک بە یەک دەبەسترێتەوە. (گوللە gul-le)، (کوللە kul-le). ئەمانە لە زمانی کوردی‌دا زۆر نین.
ڕێنووس***
تێبینی: ئەکایمیای کوردی دانانی پیتی نوێ بە پێویست نازانێت، چونکە ڕای وایە لە هەموو شێوەزارەکانی تریشدا دەنگی زۆر زۆرتر هەن کە ئەگەر بۆ هەموویان پیت دابنێین ژمارەی پیتەکانی ئەلفبێ بەرز دەبنەوە.
***
بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەلفبێی کوردیی لاتینی تکایە چاو لەم ڤیدیۆیە بکەن:
***
٧. کێشەی پیتەکان:
هەندێ کەس لە کاتی بەکارهێنانی پیتە کوردییەکاندا تووشی هەڵەی ڕێنووسی دەبن، لێرە ڕوونیان دەکەینەوە:
***
٨. هه‌مزه (ئـ)
هه‌مزه، له زمانی عه‌ره‌بی و فارسی‌دا، له چه‌ند شوێنێکی جۆربەجۆردا به‌کار ده‌چێت، وه‌کوو: (أ ٌإ لأ لإ ؤ ء ئـ)، به‌ڵام له زمانی کوردی‌دا ته‌نیا شێوازی (ئـ)به‌کار دەهێنرێت، ئه‌ویش به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی نەهێڵێت دوو بزوێن به‌دوای یەکتردا بنووسرێن. کە وا بێت ناتوانین بڵێین کە هەمزە لە زمانی کوردی‌دا وەک فارسی و عەرەبی بەکار دەهێنرێت. هەمزە لە زمانی کوردی‌دا هەمیشە لەگەڵ بزوێنێکدا دێت:
ئــا، ئـــە، ئـــو، ئــۆ، ئـــوو، ئـــی، ئـــێ.
لەڕاستیشدا ئەو کاتانەی کە لە هەندێک وشەی وەک “ئــنـجا” و “ئـــسفەهان”یشدا کە دەبینرێن هەر پێویستی بە بزوێن هەیە بەڵام لەو کاتانەدا بزرۆکە هەیە و بزرۆکەش نانووسرێت ئەگینا لەو شوێنانەشدا دیسانەوە لەگەڵ بزوێندا دێت. لەبەر ئەوە ئەگەر بمانەوێت بە کوردی ناوێکی بۆ دابنێین دەکرێت بڵێین کە “ئاوەڵبزوێن” ناوێکی گونجاوە بۆی.
هەندێک له زمانزانان هه‌مزه به بزوێن داده‌نێن و لای هه‌ندێکیش به نه‌بزوێن ده‌ناسرێت، به‌ڵام له‌ڕاستیدا کورد، هه‌مزه‌ی به شێوازی (ئـ) به‌کار هێناوە و بڕیاری داوە وه‌کوو (نه‌بزوێن)ێک چاوی لێ بکات، بۆ ئه‌وه‌ی نەهێڵێت دوو بزوێن به‌دوای یەکتردا بێن، یان هەندێک بزوێن له سه‌ره‌تای وشه‌دا بنووسرێن،نموونه:
قرتاندنی (ئـ)
کورد هەر لە کۆنەوە تا بۆی کرابێت هەمزەی تەنیا لە کاتی پێویستدا بەکار هێناوە ئەگینا قرتاندوویەتی، بۆ نموونە لە کۆنەوە وای کردووە:
کە وا بێت دەتوانین ئەوە بکەینە بنەما بۆ وشەی لێکدراو یان داڕێژراوی نوێش و هەر بەو پێیە گۆی بکەین و هەمزەکە بقرتێنین. بۆ نموونە:
هه‌روه‌ها ئەمانە بەبێ (ئـ) وا دەنووسرێن:
کەمـەندام، چاوهسمهر، چاوهستێره، گوڵـهندام، گوڵـهستێره، شێرهندام، خاکـەناز، ڕۆژاوا، خۆراوا.
***
٩. کێشه‌ی (ڕ) و (ر)
“ڕ” ده‌نگێکی گڕه که له سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕاست و کۆتاییی وشه‌دا دێت:
ڕاز، هه‌ڕا، مه‌ڕ.
جاران دەوترا بەبێ نیشانە، واتە سادە بینووسن بەڵام بە گڕ بیخوێننەوە. بۆ ئەو سەردەمەی کە خەڵک بەس بە دەست دەیاننووسی ڕەنگە ئەوە چارەسەرییەک بووبێت بۆ خێرانووسین، بەڵام ئەوڕۆکە لە دنیای دیجیتاڵیدا کۆدی خۆی هەیە، دوگمەی خۆی هەیە. کە وا بێت:
تێبینی: نابێت (ڕ)ی گڕ له‌گه‌ڵ (ر)ی ساده‌دا تێکه‌ڵ بکرێت.
***
بڕیاری ئەکادیمیای کوردی: هه‌موو ده‌نگێکی (ڕ) له سه‌ره‌تای وشه‌دا گڕه و دەبێت به (ڕ)ی گڕ بنووسرێت، نه‌ک به (ر)ی ساده، واتە “ڕ” هەم لە سەرەتا و هەمیش لە ناوەڕاست و هەمیش لە کۆتاییی وشەدا دەنووسرێت.
(ڕ) و (ر) لە ڕووی ڕێزمانییەوە دوو فۆنیمی جیاوازی زمانی کوردین و لە ڕووی تەکنیکیشەوە لەسەر تەختەکلیلی کوردیی کۆمپیوتەریشدا دوو دوگمەی جیاوازیان بۆ دانراوە و لە سیستەمی یونیکۆدی (نووسە character) جیهانییەکانیشدا دوو ژمارەکۆدی جیاوازیان بۆ دانراوە. هەر بۆیە زۆر گرنگە ئەو پیتانە تێکەڵ نەکرێن چ لە سەرەتا و چ لە ناوەڕاست و چ لە کۆتاییی وشەشدا دەبێت وەک خۆی بنووسرێن. ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر بوترێت بەبێ چوکڵە بینووسن، بەڵام بە چوکڵەدار واتە گڕ بیخوێننەوە. مادام پیتی خۆی هەیە، لە سیستەمی یونیکۆدا کۆدی خۆی هەیە، :
سەرەتا: ڕاست، ڕێگا، ڕۆخ
ناوەڕاست: پەڕۆ، هەڕا، فــڕاندن
کۆتایی: شەڕ، کەڕ، کوڕ
***
پیتی (k) تەنانەت لە زمانەکانی فارسی و عەرەبیشدا کێشەلەسەرە. چونکە بە دوو شێوە دەنووسرێن: “ک“، “ك“. ئەو دوو کافانە دوو کۆدی جیاوازیشیان هەیە، (ک U+06A9) و (ك U+0643). خۆ ناکرێت بەرانبەر بە کۆدێکی لاتینی دوو کۆد دابنرێت، هەر لەبەر ئەوە لەو زمانانەشدا کێشەی هەیە.
له تەختەکلیلی ستانداردی یونیکۆدی کوردی‌دا کە لەلایەن “کوردئایتیگرووپ“ەوە درووست کرا، ئەو کێشەیە یەکلایی کرایەوە. بڕیاریان دا لە باتیی (ك)کەڵک لە (ک) وەربگیرێت بۆ ئەوەی یەک جۆرە پیتمان بەرانبەر بە (k) هەبێت. چونکە لە سەرەتا و لە ناوەڕاستی وشەدا بەرانبەر بە (k) هەر (ک)دەنووسرێت: (کـار)، (پەلـکە). تەنها لە کۆتاییی وشەدا “ك” بەکار دەهێنرێت: (چەك). کە وا بێت لە کۆتاییی وشەشدا هەر هەمان کار دەکەین. وەک:
چاک، پاک، خاک (نەک: چاك، پاك، خاك).
هەر بۆیە لە شوێنی دوگمەی (K)دا ئەمە دانرا: (ک U+06A9)، هەڵبەت بە شیفتیش ئەمە دانرا: (ك U+0643). بەڵام هیوادارین کورد بەرە بەرە واز لە (ك U+0643) بهێنێت.
***
بڕیاری کوردئایتیگرووپ:
لە تەختەکلیلی کوردی‌دا بەرانبەر بە (k) لە سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتاییی وشەدا کەڵک لە “ک” (U+06A9) وەردەگرین و نەک لە “ك“.هەڵبەت ئەوەش هەر دەخرێتە ناو تەختەکلیلی کوردییەوە بەس بە شیفت دەنووسرێت.
بۆ زانیاریی زیاتر سەبارەت بە کێشەی (ک) تکایە چاو لەم بابەتە بکەن.
***
١١. کێشەی تێکەڵکردنی (ھ، ـهـ H) و (ە، ـە E)
ئەم دوو پیتەش وەک (k) کێشەیان هەیە، چونکە شێوەیان لە یەک دەچێت، بەڵام کۆد و ئەرکیان لە زمانی کوردی‌دا جیاوازە.
بۆ نموونە بۆ نووسینی “ھ h” لە وشەکانی “هانا” و “سێهەم”دا لە یەک کۆدی (U+0647) کەڵک وەردەگیرێت، بەڵام لە نووسینی “ە E” بۆ نموونەی لە وشەی “پەلە”دا کەڵک لە کۆدی (U+06D5) وەردەگیرێت. واتە بۆ ئەو دوو پیتەی کە شێوەیان لە یەک دەچێت لە دوو کۆدی جیاواز کەڵک وەردەگیرێت.
کێشەکە ئەوەیە کە هەندێ کورد لە کاتی نووسین بە کۆمپیوتەردا تووشی هەڵە دەبن و بۆ نووسینی بزوێنی (ە)ی کوردی دەست دەنێن بە دوگمەی (H)دا و وەک یەک چاوی لێ دەکەن. ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بۆ زمانی کوردی. وا دەزانن هەر دووکیان هەمان شتن. بۆ نموونە دەنووسن سەر، بەڵام کاتێ هەر بە (H) بینووسن دەبێتە “سه‌ر”، کە هەڵەیە ئەو کاتە ناچارن جیای بکەنەوە و دەنووسن “سه ر”، کە ئەویش هەر هەڵەیە، هەر بۆیە دەبێت کەڵک لە دوگمەی (E) وەربگرن. کە ناهێڵێت پیتەکان پێکەوە بلکێن و دەبێتە “سەر” کە درووستە.
لە ئەلفبێی دیجیتالیی کوردی‌دا (ھ، ـهـ H) جیاوازیی هەیە لەگەڵ (ە، ـە E) و بە یەک دوگمە نانووسرێن.
تکایە لە نووسینی کوردی‌دا ئەو دوو پیتە تێکەڵ مەکەن، وا بینووسن:
***
بۆ نووسینی (ھ)
ئەگەر پەنجە بنێی بە دوگمەی H بە شێوەی (ه) دەر دەچێت، بۆ ئەوەی بە شێوەی (ھ) بنووسرێت ئاوا بکە:
(M) + (Shift) + (H) = ھ
تێبینی: لە ڕێککەوتنێکدا بڕیار درا کۆدێکی نوێ بۆ “ھ” دابنرێت تا بەس بە یەک کلیک بنووسرێت. ئەو کۆدە کە بۆ نموونە لە زمانی ئوردوودا بەکار دەچێت بەکار دەهێنرێت بۆ ئەم تەختەکلیلە کوردییە و لەسەر ماڵپەڕی “تەختەکلیلی کوردی“ی فەرمانگەی ئایتیی کوردستان دادەنرێت و بەم زووانە دەتوانن ئەو تەختەکلیلە لەوێ دابگرن. ئەو پیتە نوێیە لە تەختەکلیلی کوردی‌دا بە دوگمەی (Shift) و (H) دەنووسرێت. من خۆم لە وەشانێکی تاقیکردنەوەییدا بەو تەختەکلیلە دەنووسم و پیتی “ھ” بە شیفت و (H) دەنووسم. بە مەبەست لەژێر شیفت دامان ناوە چونکە وتمان با “ھ”ی سەرەتای وشە تێک نەچێت هەر کاتێک ویستمان بەتایبەتی “ھ” بنووسین ئەو کاتە لەوە کەڵک وەردەگرین، بۆ نموونە بۆ نووسینی هەندێ وشەی کۆن: ماھ، بەھ،بەھ.
***
١٢. کێشه‌ی (و) و (وو)
(وو û) ده‌نگێکی بزوێنه و هه‌رگیز نابێت له سه‌ره‌تای وشه‌دا بنووسرێت. زۆر هه‌ڵه‌یه بنووسی:
(ووشه ûşe، وورچ ûrç، وون ûn، ووس ûs و هتد)،
به‌ڵکوو دەبێت به (و w)ی نه‌بزوێن بنووسرێت، چونکوو دوای ئه‌و پیته، بزرۆکه هه‌یه، که‌وا بێت دوو بزوێن پێکه‌وه نانووسرێن و دەبێت وا بنووسرێن:
(وشه wişe، ورچ wirç، ون win، وس wis و هتد).
به‌ڵام له ناوه‌ڕاست و کۆتاییدا دەنووسرێت: (سـوور sûr)، (نوور nûr)، (چـوو çû)، (تـوو tû).
زۆر که‌س به هه‌ڵه ده‌نووسن: “که‌رکوک، مه‌حمود، حوکومه‌ت و هتد”. که ڕاستییه‌که‌ی ئاوایه: که‌رکووک، مه‌حموود، حوکوومه‌ت و هتد”.
***
١٣. کێشه‌ی بزوێنی درێژی (î)
دەنگی درێژی (î) له ئه‌لفبێی عه‌ره‌بیدا هیچ پیتێکی جیاوازی بۆ دانه‌نراوه. “کۆڕی زانیاریی کورد” لە بەغداد تەقەڵێکی لەسەری دادەنا، بەڵام لای خەڵک جێ نەکەوت و بەکار نەهێنرا. هەندێ کەس کەڵک لە (یی) وەردەگرن و بۆ نموونە دەنووسن (تییر tîr)، (کوردیی kurdî)، (سیی sî)، به‌ڵام تێکڕای زمانەوانان و ئەکادیمیاش ئەوە بە درووست دانانێن چونکە ڕایان وایە کە ئەو دەنگە یەک فۆنیمە نەک دوو و لە ئەلفبێدا پیتێکی جیاواز و تایبەتیی بۆ دانەنراوە، ناکرێت بە دووپاتکردنەوەی “ی” درێژی بکەیتەوە.
***
بڕیاری ئەکادیمیا: دەنگی “ی” لە زمانی کوردی‌دا یەک فۆنیمە نەک دوو، هەر چەند هەندێ جار کورت و هەندێ جاریش درێژ گۆ دەکرێت، بەڵام واتا ناگۆڕدرێت و فۆنیمی تر ناهێنێتە کایەوە و پێویست بە نیگاری تر ناکات. ئەم دوو دەنگی “ی”یە بە تیپی عەرەبی بە یەک شێوە دەنووسرێت بەڵام بە تیپی لاتینی جیاوازن.
کە وا بێت چ لە سەرەتا و چ لە ناوەڕاست و چ لە کۆتاییشدا، هەر بە “ی” دەنووسرێت وەک: (یار yar)، (تیر tîr) نەک (تییر tîr)، و کوردی (نەک کوردیی)، هەولێری (نەک هەولێریی)، شیرینــی (نەک شیرینـــیی).
بەڵام ئەگەر وشەیەک بە بزوێنی درێژی (ی î) کۆتاییی بێت و پێش ئەو پیتەش دەنگێکی بزوێنی تر بێت ئەوە دەبێت ئەمیان بە (یی yî) بنووسین:
(ڕه‌شایی reşayî)، (به‌رایی berayî)، (دوایی diwayî)، (کۆتایی kotayî)، (پانایی panayî)، (شێنه‌یی şêneyî)، (سنه‌یی Sineyî)، (هه‌ڵه‌بجه‌یی Hellebceyî)،(ڕانیه‌یی Ranyeyî)، (ورمێیی Wirmêyî) و (شنۆیی şinoyî).
***
١٤. کێشه‌ی (یـه)
جاری وایه وشه‌که‌ی پێش (ه) به پیتێکی بزوێن (ا ـ و ـ ۆ ـ وو ـ ه ـ ی ـ ێ)، کۆتاییی هاتووه، وه‌کوو: (مامۆستا)، ئه‌و کاته ئیتر له جیاتیی (ه) ده‌نووسین (یه):(مامۆستایه mamosta ye).
تێبینی: کاری (یه)ش هه‌ر وه‌کوو (ه) دەبێت بلکێنرێت به وشه‌که‌ی پێشیه‌وه: (مامۆستایه)، نه‌ک (مامۆستا یه). ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وشه‌که به (یی)ش کۆتاییی هات هه‌ر پێکه‌وه ده‌نووسێنرێت: هه‌روه‌ها:
(سپییه)، نه‌ک (سپیه، سپییه، سپی یه).
(چییه)، نه‌ک (چیه، چییه، چی یه).
(نییه)، نه‌ک (نیه، نییه، نی یه).
(کوردییه)، نه‌ک (کوردییه، کوردی یه).
(سنهیییه) نه‌ک (سنه‌یی یه، سنه‌ییه).
Sineyîye
***
١٥. کێشه‌ی (و)ی پێوه‌ندی (به‌یه‌که‌وه‌به‌ستن)
(و and) وشه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیه و ده‌بێ سه‌ربه‌خۆ هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵدا بکرێت و نەلکێندرێت به وشه‌کانی پێش و پاش خۆیەوە.
بۆ نموونه ده‌بێت بنووسرێت:
(من و تۆ) نه‌ک (من‌و تۆ) یان نه‌ک (من‌و تۆ).
(سه‌ر و ماڵ) نه‌ک (سه‌رو ماڵ) یان نه‌ک (سه‌روو ماڵ).
(هیوا و ئاوات) نه‌ک (هیواو ئاوات).
سه‌رنج: نموونه‌کانی سه‌ره‌وه هه‌ر کامه‌یان سێ وشه‌ی جیاوازن و پێکه‌وه مانایه‌کی نوێ پێک ناهێنن و هه‌ر به‌ته‌نیا مانای خۆیان پاراستووه و جیاوازییان هه‌یه له‌گه‌ڵ وشه‌ی لێکدراو که له خواره‌وه باسیان ده‌کرێ.
***
١٦. (ی)ی پێوه‌ندی
(ی)ی پێوه‌ندی ئه‌و ده‌نگی (ی)یه‌یه که ده‌که‌وێته نێوان دوو ناو، یان ناوێک و ئاوهڵناوێکهوه: مامۆستای قوتابخانه. کچـــی شۆخ.
کێشه‌که له‌وه‌دایه کاتێ وشه‌یه‌ک خۆی به (ی) کۆتاییی بێت، وه‌کوو: (کوردی، ئیسلامــی، کرماشانـــی، سنــەیـــی، کــۆیــــی)، هه‌ندێ که‌س ئیتر (ی)ی پێوه‌ندییه‌که‌یان له‌بیر دەچێت بینووسن که هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه. بۆ نموونه له باتیی “یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان” دەبێت بنووسرێت: “یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان”.
دەبێت وردبین بین و نه‌هێڵین (ی)ی پێوه‌ندی بقرتێنرێت، له‌م نموونانه‌ی خواره‌وه‌دا (ی)ی پێوه‌ندی ڕه‌چاو کراون:
داری سه‌وز، قوتابخانه‌ی سهرهتاییــی کچان، کۆماری ئیسلامـیــی ئێران، کرماشانیـــی دڵسۆز، په‌پووله‌ی خۆشهویستیــی من، کۆییــی هونه‌رمه‌ند، کاکهییــیکوردپهروهر، زاراوه‌ی ههورامیــی کۆن.
***
١٧. پیتی (ت) له وشەدا
جاری وایە دەنگ یان پیتی “ت” لە وشەدا لەبیر دەکرێت، نابێت لەبیر بچێت و دەبێت بنووسرێت، وەک:
***
١٨. جێناوی لکاوی سێیەم کەس
جێناوی لکاو لە کاری (تێپەڕ / متعدی)دا:
لە زمانی کوردی‌دا هەندێک جێناومان هەیە، بۆ نموونە جێناوی لکاوی (…م، …ت، …ی / …مان، …تان، …یان). ئەمانە لەگەڵ (کاری تێپەڕ / فعل متعدی)دا بەکار دەهێنرێن، وەک: (خواردن، بردن، نووسین، بڕین، دزین، کڕین، گۆڕین، پرسین).
نموونەی گەردانکردن:
خواردن؛ خواردم، خواردت، خواردی / خواردمان، خواردتان، خواردیان.
***
ئەگەر قەدی کردارەکە خۆی بە …ــی کۆتاییی هاتبێت کاتێک کە جێناوی لکاویان دەخرێتە سەر نابێت …ـــی بقرتێنرێت:
نووسین: نووســی: نووســــیــ م نووســـیــ ت، نووســیـــ ی: نووســیــم، نووســیــت، نووســـیــــی (نەک نووســی)
***
پرســـیـــن:
پرســـی + م = پرســـیــم
پرســی + ت = پرســـیـــت
پرســی + ی = پرســـیـــی
دەبێت وا بنووسرێن: من پرسیم، تۆ پرسیت، ئه‌و پرسیی. (نه‌ک ئه‌و پرسی).
نموونه‌ی تر:
کاری تێپەڕ: (دزین، بڕین، کڕین، گۆڕین، نووسین)، که له سێیه‌م که‌سی تاکدا ده‌بنه (ئه‌و دزیــی، ئه‌و بڕیی، ئه‌و کڕیی، ئه‌و گۆڕیی، ئه‌و نووسیی).
هەروها: پرسیـیان (نەک پرسیان)
جێناوی لکاو لە کاری (تێنەپەڕ / لازم)دا:
بەڵام ئەگەر کردارەکە (کاری تێنەپەڕ / فعل لازم) بوو وەک (بارین، فڕین، خزین، وەرین، پژمین) ئەو کاتە لە دۆخی ڕابردوودا کەڵک لەم جێناوە لکاوانەی (…م، …ی/یت، … ـــ / …ین، …ن، …ن) وەردەگرین. ئەگەر قەدی کردارەکە بە …ـــیـــ کۆتاییی هاتبێت لە کاتی خستنەسەری ئەو جێناوانەدا نابێت …ـــیـــ لەبیر بکرێت. نموونەی گەردانکراو:
فڕین؛ فڕیــ م = فڕیم = من فڕیم، فڕیــ ی = فڕیی = تۆ فڕیـــیـت، فڕیــ ـ = فڕی = ئەو فڕی.
تاک: فڕیم، فڕیی/فڕییت، فڕی.
کۆ: فڕیین، فڕین، فڕین.
***
نموونه‌ی تر، پژمین بەپێی (…م، …ی/یت، … ـــ / …ین، …ن، …ن):
تاک: پژمین؛ پژمــیــ ، پژمـــیــــم (من)، پژمـــیــــی/ پژمـــیــــیت (تۆ)، پژمـــی (ئەو)
کۆ: پژمیین (ئێمە)، پژمیی/پژمییت (تۆ)، پژمین (ئێوە)، پژمین (ئەوان).
پرســـیـــن:
پرســـی + م = پرســـیــم
پرســی + ت = پرســـیـــت
پرســی + ی = پرســـیـــی
دەبێت وا بنووسرێن: من پرسیم، تۆ پرسیت، ئه‌و پرسیی. (نه‌ک ئه‌و پرسی).
نموونه‌ی تر:
کاری تێپەڕ: (دزین، بڕین، کڕین، گۆڕین، نووسین)، که له سێیه‌م که‌سی تاکدا ده‌بنه (ئه‌و دزیی، ئه‌و بڕیی، ئه‌و کڕیی، ئه‌و گۆڕیی، ئه‌و نووسیی).
هەروها لە دۆخی کۆی سێیەم کەسی کۆش هەر بە هەمان شێوەیە:
پرســیـــیـان (نەک پرسیان)
گۆڕییان (نەک گۆڕیان)
دزییان (نەک دزیان)
١٩. جێناوی نیشانه‌ی وه‌ک (ئه‌م، ئه‌و، ئه‌ڤ)
ئه‌گه‌ر جێناوی نیشانه، ئاماژه به کات (ڕۆژ، شه‌و، ساڵ) بکات، پێکه‌وه ده‌نووسرێن:
ئه‌مڕۆ، ئه‌مشه‌و، ئه‌مساڵ، ئه‌مجار
ئه‌مجار سهختتهرهن زامم جه جاران
چڵ مدۆ دایم چــــون گه‌سته‌ی ماران
مه‌وله‌وی
به‌ڵام ئه‌گه‌ر پاش کاته‌که پاشبه‌ندی (ه، ی) بنووسرێ ئه‌وه جێناوه‌که جیا ده‌بێته‌وه:
ئه‌م جاره، نه‌ک (ئه‌مجاره)
ڕاست:
نــهمردم مـن ئـــهگـــــهر ئه‌م جاره بێ تۆ
نه‌چم شه‌رت بێ هه‌تا ئه‌م خواره بێ تۆ
نالی
هەڵە:
نــهمردم مـن ئـــهگـــــهر ئه‌مجاره بێ تۆ
نه‌چم شه‌رت بێ هه‌تا ئهمخواره بێ تۆ
دروست:
ئه‌م ڕۆژی ساڵی تــــازهیــه نه‌ورۆزه هاته‌وه
جه‌ژنێکی کۆنی کورده به‌خۆشی و به‌هاته‌وه
پیرەمێرد
هەڵە:
ئه‌مڕۆژی ســا‌ڵی تــــازهیــه نه‌ورۆزه هاته‌وه
جه‌ژنێکی کۆنی کورده به‌خۆشی و به‌هاته‌وه
***
٢٠. دوودەنگە
دوودەنگە یان دیفتۆنگ ئەو بزوێنانەن کە زایەڵەی دوو دەنگیان تێدایە. ئەمانە پێویست ناکات پیتی تایبەتییان بۆ دابنرێت و هەر بە شێوەی دووپیتی دەنووسرێن: “وێ“، “وی“.
شــوێــن، نــوێـــن، کـــوێ، خـــوێ، گـــوێــلک، ســـوێـــند.
تەنانەت لە شێوەزاری کوردیی خواروو (کەلهوڕی، گۆرانی، لەکی، فەیلی)ش هەر بەو شێوەیە دەبێت بنووسرێت و پێویست ناکات پیتی جیاکاری بۆ دابنرێت:
بیستــویـــن (بێستوون)، چـــوی (چۆن)، زوی (زوو)، دوێـــت/دویــەت (کچ)، خــویـــن (خوێن).
***
تاقیکاری: فەرموو زانیارییەکانت لە “ئەلفبێ”دا تاقی بکەرەوە:
تاقیکاری لەسەر ئەلفبێی زمانی کوردی
***
هه‌ندێ جار دوو یان چه‌ند وشه، که هه‌ر کامه‌یان بۆ خۆی واتایه‌کی هه‌یه، پێکه‌وه کۆ ده‌بنه‌وه و سه‌رجه‌م واتایه‌کی نوێتر پێک ده‌هێنن، به‌م متوربهبوونهدهڵێن (وشه‌ی لێکدراو). وشه‌ی لێکدراو ده‌بێ بلکێن به یه‌که‌وه و نابێ به‌جیا بنووسرێن و، به چه‌ند شێوه پێک دێن:
١. بێ هیچ یارمه‌تییه‌ک:
جاری وایه “وشه‌ی لێکدراو”، بێ هیچ یارمه‌تییه‌ک دروست ده‌بێت و ته‌نیا وشه‌کان پێکه‌وه ده‌لکێن:
ڕه‌ش + ماڵ = ڕه‌ش ماڵ، که پێکه‌وه واتایه‌کی تر پێک ده‌هێنن و ئه‌و کاته ده‌بێ پێکه‌وه بنووسرێن: ڕهشـماڵ.
مارماسی، شاهەنگ، لێوئاڵ، ڕدێنسپی، شاژن، مەلاژن، چاوکوێر، باڵابەرز …
مار + ماسی = مارماسی (نەک: مار ماسی)
شا + هەنگ = شاهەنگ (نەک: شا هەنگ)
نموونەی تر:
لێوئاڵ، ڕدێنسپی، شاژن، مەلاژن، چاوکوێر، باڵابەرز
٢. به یارمه‌تیی پیتی (و):
جاری وایه “وشه‌ی لێکدراو”، به یارمه‌تیی پیتی (و) پێکه‌وه ده‌لکێن:
ئاڵ + و + گۆڕ = ئاڵوگۆڕ.
مشت + و + مڕ = مشت‌ومڕ.
ده‌نگ + و + باس = ده‌نگوباس.
٣. به یارمه‌تیی پیتی (ه):
جاری وایه “وشه‌ی لێکدراو”، به یارمه‌تیی پیته‌بزوێنی (ه) پێکه‌وه ده‌لکێن:
به‌رد + ه + قاره‌مان = به‌رده‌قاره‌مان.
گوڵ + ه + گه‌نم = گوڵه‌گه‌نم.
به‌رز + ه + فڕ = به‌رزه‌فڕ.
ئاگر + ه + دیوار = ئاگره‌دیوار.
وشەی لێکدراو بە گەلێ شێوەی جۆربەجۆر چێ دەبێت:
جۆرەکانی وشەی لێکدراو:
١. دوو ناوی سادە وەکوو:
پێدەشت، تەختەکلیل، وێبخشۆک
٢. دوو ناوی سادە، بە یارمەتیی یەکێک لەم ئامرازانە:
ئامرازی (ە):
مانگەشەو، گوڵەگەنم، ئاگرەدیوار
ئامرازی (و):
هێلکەوڕۆن، دەموچاو، دەوروبەر
ئامرازی (بە):
دەربەدەر، نیشتمانبەدەر، جێبەجێ.
٣. ناوێکی سادە و ئاوەڵناوێک، بە یارمەتیی ئامرازی پەیوەندیی (ە)، وەک:
سەگەناز، کەرەدێز، ورچەسپی
٤. ئاوەڵناو و ناویک، وەکوو:
ڕەوانبێژ، شەوکوێر، ڕەشمار
٥. ئاوەڵناو و ناوێکی سادە، بە یارمەتیی یەکێک لەم ئامرازانە:
ئامرازی (ە):
ڕەشەوڵاخ، سوورەچنار، وشکەشیرینی
ئامرازی (و):
ڕەشوڕووت، مڕومۆچ، ئاڵوگۆڕ
٦. ناوێکی سادە و ڕەگی کردار، وەکوو:
گیرفانبڕ، پیاوکوژ، وێبگەڕ
٧. ناوێکی سادە و ڕەگی کردار بە یارمەتیی ئامرازی (و)، وەکوو:
دەستوبرد، دەستومۆچ
٨. ئاوەڵناو و ڕەگی کردار بە یارمەتیی ئامرازی (ە)، وەکوو:
دێرینەناس، کۆنەفرۆش، شوێنەوارناس
٩. دوو ڕەگی کردار بە یارمەتیی ئامرازی (و)، وەکوو:
مشت‌ومڕ، مڵچوهووڕ، گفتوگۆ
١٠. ئاوەڵکردارێک و ناوێکی سادە، وەکوو:
بەربانگ، بەرماڵ، پێشنیار.
١١. ناوێکی سادە، یان ئاوەڵناوێک و وشەیەکی بێ‌واتا، بە یارمەتیی ئامرازی (و)، وەکوو:
گورجوگوڵ، گژوگیا، پڕوپووچ
١٢. دووبارەکردنەوەی ناوێک بە یارمەتیی ئامرازی (ە)، وەکوو:
لرفەلرف، گڤەگڤ، خشەخش.
١٣. دووپاتکردنەوەی ناوێک بێ یارمەتیی ئامراز، وەکوو:
کون‌کون، پڵپڵ، گرنجگرنج
١٤. ناوێک و فۆنێمی (ی)، وەکوو:
زمانەوانی، ئاژەڵەوانی، ئاسمانەوانی.
١٥. دوو ناوی ساده و فۆنێمی (ئ)، وەکوو:
گەچکاری، هاوکاری، گەلکاری.
نموونه‌ی تری وشه‌ی لێکدراو:
خۆترنجێنه‌ر، خۆکوژ، به‌ردباران، کاروبار، ئه‌لفبێ، هاتوچۆ، زانستپه‌روه‌ر، زانستخواز، ئازادیخواز، وڵاتپارێز، سێشه‌ممه، ڕاسته‌وخۆ، نیشتمانپه‌روه‌ر،گوڵه‌گه‌نم، ڕێنووس، باوکمردوو، یه‌کگرتوو، ئاڵوگۆڕ، ڕۆژنامه‌نووس، هه‌واڵنێر، په‌یامنێر، به‌رزه‌فڕ، جه‌رگبڕ، مناڵپارێز، چه‌مچه‌ماڵ، جێبه‌جێ، ده‌ستبه‌جێ،کانیکه‌وه، هه‌ڵگورد، تاقبۆستان (تاقۆسان)، ملهوڕ، ته‌خته‌کلیل، پاشبنه‌ما، بنکه‌دراوه (databas)، به‌ستهێڵ (dash)، ڕوومێز (desktop)، زانیارینامه(encyclopedia)، ئاگره‌دیوار.
***
وشەی داڕێژراو بە وشەیەک دەوترێت کە لەگەڵ پێشگرێک یان پاشگرێک یان هەردووکیان وشەیەکی نوێتر پێک دەهێنن و پێکەوە دەنووسرێن، وەک:
لەگەڵ پێشگر: بەزات، بەهێز، تێچوون، بێــکەس، هەڵــکەندن، دابڕین
لەگەڵ پاشگر: خوێندنگە، بەرزایی، زستانــێ، گوێــچکە، وردەڵە
لەگەڵ پێشگر و پاشگر: بەجوانــی، بێــکەســی، بێــبەشــی،
بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر وشەی داڕێژراو تکایە چاو لەم بابەتە بکە: ڕێبازی داڕشتن
***
٢٣. فرمانی لێکدراو (فعل مرکب compound verb)
فرمان یان کرداری لێکدراو، بەو کردارانە دەوترێن کە بە یارمەتیی ناو یان ئەوەڵناوێکی (سادە، داڕێژراو، لێکدراو) لەگەڵ کردارێکدا چێ دەکرێن، بەتەنیا واتای خۆیان هەیە و پێکەوە کرداری لێکدراو چێ دەکەن، وەک:
(دەستبڕین، شەرمکردن، ملنان، سەرشکاندن، جێگەکردنەوە، ڕێگاگرتن، ماستاوکردن، سووربوون، نەخۆشکەوتن، سەرخۆشبوون، زینکردن، سوورکردن،ڕەشبوون، گەرمابوون، سەرمابوون، ناونان، نانخواردن).
ئەگەر له دۆخی چاوگدا بن پێکه‌وه ده‌نووسرێن، وه‌ک: شه‌ڕکردن، کۆڵنه‌دان، خه‌باتکردن، تاڵانکردن، تێکدان، سه‌ربڕین.
ئه‌گه‌ر له دۆخه جۆربه‌جۆره‌کانی کردار (ڕانەبردوو، ڕابردووی ساده، ڕابردووی تەواو، ڕابردووی دوور) بن به‌جیا ده‌نووسرێن:
نموونه‌ی گه‌ردانکردنی فرمان یان کرداری لێکدراو (فعل مرکب):
فرمانی لێکدراو له دۆخی چاوگ (مصدر)دا پێکه‌وه ده‌نووسرێن: نانکردن.
به‌ڵام له دۆخه‌کانی تردا جیا ده‌کرێنه‌وه، بەتایبەت کە جێناوی لکاو دەکەوێتە نێوانیان:
چاوگ: نانکردن
ڕانەبردووی بەردەوامی، تاک: نان دەکەم، نان دەکەیت نان دەکات.
ڕانەبردووی بەردەوامی، کۆ: نان دەکەین، نان دەکەن، نان دەکەن.
ڕابردووی سادە، تاک: نانم کرد، نانت کرد، نانی کرد.
ڕابردووی سادە، کۆ: نانمان کرد، نانتان کرد، نانیان کرد.
ڕابردووی سادەی بەردەوامی، تاک: نانم دەکرد، نانت دەکرد، نانی دەکرد.
ڕابردووی سادەی بەردەوامی، کۆ: نانمان دەکرد، نانتان دەکرد، نانیان دەکرد.
ڕابردووی تەواو، تاک: نانم کردووە، نانت کردووە، نانی کردووە.
ڕابردووی تەواو، کۆ: نانمان کردووە، نانتان کردووە، نانیان کردووە.
ڕابردووی دوور، تاک: نانم کردبوو، نانت کردبوو، نانی کردبوو.
ڕابردووی دوور، کۆ: نانمان کردبوو، نانتان کردبوو، نانیان کردبوو.
ئه‌گه‌ر له دۆخه‌کانی تردا بن هه‌روه‌کوو دۆخی چاوگ پێکه‌وه ده‌نووسرێن: پێکهاتن، پێکهاتوو، پێکهاته، پێکهێنراو. سه‌رکه‌وتن، سه‌رکه‌وتوو.
***
کردار یان فرمانی داڕێژراو بە یارمەتیی پێشگر یان پاشگر چێ دەبێت و باشترە لە پێشدا بە ناسینی جۆری پێشگرەکان دەست پێ بکەین و وردە وردە بچینە ناو باسەکەوە:
پێشگر
کورتەبەشێکن کە دەلکێن بە “کردار” یان چاوگ و دەیانکەنە داڕێژراو، دەتوانین پێشگرەکان دابەش بکەینە سەر “سادە” و “ناسادە”.
پێشگری ساده: (دا، ڕا، وەر، هەڵ، ڕۆ، ڕێ، پێ، تێ، لێ، ڤێ، ڤە و هتد).
داکردن، ڕاخستن، وەرگەڕان، هەڵکردن، ڕۆچوون، ڕێکردن، پێخستن، تێخستن، لێوەشان، ڤێچوون، ڤەخارن، ڤەکوشتن.
پێشگری ناسادە، (پێدا، تێدا، پێڕا، تێوە، تێڕا، لێڕا، پێوە، پێک، تێک، ڕێک، وێک و هتد).
پێدابردن، تێداچوون، پێڕاگەیشتن، تێوەگلان، تێڕابردن، پێوەدان، پێکهێنان، تێکدان، ڕێکخستن، وێکچوون.
******
گەردانکردنی کرداری داڕێژراو
چ ساده و چ ناساده لەگەڵ چاوگدا پێکەوە دەنووسرێن:
ڕاخستن، تێخستن، هەڵوەراندن، پێدابردن، تێوەگلاندن
لە کاتی گەردانکردندا
* (ا):
ئەگەر پێشگری سادە بن و بزوێنی (ا، ە)یان تێدا بێت وەک (دا، ڕا، هـەڵ، دەر، وەر) ئەوا لەم دۆخانەدا پێکەوە دەنووسرێن:
چاوگ: داکردن، ڕاکردن، هەڵکردن، دەرکردن، وەرگەڕان.
ئەمری: داکە، ڕاکەن، هەڵخەن، دەرچن، وەرگەڕێ.
ڕانەبردوو: ڕادەکەم، هەڵدەکەین، دەردەچم، وەردەگەڕێنم.
بەرکاری: ڕاکراو، داکراو، هەڵخراو، دەرکراو، وەرسووڕاو.
ڕابردوو: لە دۆخی ڕابردوودا چونکە جێناوی لکاو دەکەوێتە نێوان پێشگرەکان و وشەکانەوە، ئەوە بەجیا دەنووسرێن:
***
داکردن:
دام کرد، دات کرد، دای کرد
دامان کرد، داتان کرد، دایان کرد.
هەڵکردن:
تاک: هەڵم کرد، هەڵت کرد، هەڵی کرد.
کۆ: هەڵمان کرد، هەڵتان کرد، هەڵیان کرد.
…
هەروەها پێشگرەکانی تر لە کاتی جێناودا جیا دەکرێنەوە، نموونە:
١. دۆخی چاوگ: ڕێکردن
٢. دۆخی ڕانەبردوو: ڕێ دەکەم، ڕێ دەکەیت، ڕێ دەکات / ڕێ دەکەین، ڕێ دەکەن، ڕێ دەکەن.
٣. دۆخی ئەمری: ڕێ کە/ڕی بکە، ڕێ کەن/ڕێ بکەن. ڕێ مەکە، ڕێ مەکەن
٤. دۆخی ڕابردووی سادە: ڕێم کرد، ڕێت کرد، ڕێی کرد / ڕێمان کرد، ڕێتان کرد، ڕێیان کرد.
٥. دۆخی ڕابردووی تەواو: ڕێم کردووە، ڕێت کردووە، ڕێی کردووە، / ڕێمان کردووە، ڕێتان کردووە، ڕێیان کردووە.
٦. دۆخی ڕابردووی دوور: ڕێم کردبوو، ڕێت کردبوو، ڕێی کردبوو. / ڕێمان کردبوو، ڕێتان کردبوو، ڕێیان کردبوو.
***
لە دۆخەکانی تردا، پێکەوە دەنووسرێن:
هه‌ڵکشاو، هه‌ڵخراو، ههڵنهکشاو، هه‌ڵخزێنراو. دانراو، داسه‌پاو، دابڕاو. ڕاپه‌ڕێنراو، ڕاپه‌ڕیو، ڕ‌اگوێزراو، ڕاکشاو. وه‌رگیراو، وه‌رگرتوو، وه‌رگرته، وه‌رسووڕاو،وه‌رگێڕاو. ده‌رهێنراو، ده‌رخراو، ده‌رکراو، ده‌رچوو.
پێشگری ناسادە لەگەڵ چاوگدا یەک بگرنەوە لە کاتی گەردانکردندا هەمیشە بەجیا دەنووسرێن:
نموونەی تر لە کرداری داڕێژراو، ڕێکخستن:
ڕانەبردوو: ڕێک ده‌خه‌م ـ ڕێک ده‌خه‌ی ـ ڕێک ده‌خات ـ ڕێک ده‌خه‌ین ـ ڕێک ده‌خه‌ن ـ ڕێک ده‌خه‌ن.
ڕابردووی ساده: ڕێکم خست، ڕێکت خست ـ ڕێکی خست ـ ڕێکمان خست ـ ڕێکتان خست ـ ڕێکیان خست.
ڕابردووی تەواو: ڕێکم خستووه ـ ڕێکت خستووه ـ ڕێکی خستووه ـ ڕێکمان خستووه ـ ڕێکتان خستووه ـ ڕێکیان خستووه.
ڕابردووی دوور: ڕێکم خستبوو ـ ڕێکت خستبوو ـ ڕێکی خستبوو ـ ڕێکمان خستبوو ـ ڕێکتان خستبوو ـ ڕێکیان خستبوو.
کرداری لێکدراو: نانخواردن: نانم دەخوارد، نانت دەخوارد، نانی دەخوارد / نانمان دەخوارد، نانتان دەخوارد، نانیان دەخوارد.
تێبینی: ئەگەر فرمانەکە فرمانێکی سادە بوو وەک “خواردن” ئەوە هاتنی جێناو وشەکە کەرت ناکات:
کرداری سادە: خواردن: دەمخوارد، دەتخوارد، دەیخوارد / دەمانخوارد، دەتانخوارد، دەیانخوارد.
***
* ئاوڕدانەوەیەکی خێرا
چۆنێتیی نووسینی ئەو وشانەی کە لە چەند بەش پێک هاتوون:
١. یەکبەشی: کار
٢. دووبەشی: کار + کردن، پێکەوە دەنووسرێت: کارکردن، نانکردن.
٣. سێبەشی: کار + تێ + کردن، پێکەوە دەنووسرێت: کارتێکردن.
تێبینی: ئەگەر کۆتاییی وشەی یەکەم پیتەلکاو بێت دەتوانیت بە دوو شێوەی لکاو یان نەلکاو بینووسیت:
دەســت تێخستن / دەستتێخستن
دەســت لێدان / دەستلێدان
بەڵام باشترە هەر پێکەوە بنووسرێن: ماڵوێرانکردن، کارتێکردن،
٤. چواربەشی: پێ + لێ + هەڵ + گرتن، دوو وشەی یەکەم بەجیا دەنووسرێن و دوو وشەی کۆتایی پێکەوە دەنووسرێن:
پێ لێ هەڵگرتن
گەردانکراو: پێی لێ هەڵگرت، پێی لێ هەڵمەگرە، پێمان لێ هەڵگرتووە، کاری تێ کرد، دەستی لێ هەڵگرت، دەستی لێ دا، دەستی لێ دەدەین، نانی کرد،نان دەکەین، کاری تێ کرد.
***
تێبینی:
زۆر گرنگە لە کاتی گەردانکردندا هێندە وردبین بین کە سێیەم کەس لەگەڵ چاوگدا تێکەڵ نەکەین، بۆ نموونە:
هەڵە:
نوێنەرەکان لە ڕێککەوتنێکدا لەسەر هەشت خاڵ ڕێککەوتن.
ڕاست:
نوێنەرەکان لە ڕێککەوتنێکدا لەسەر هەشت خاڵ ڕێک کەوتن.
٢٥. پریپۆزیشن (preposition)
ئامرازی پێوەندی (حروف اضافه ـ حرف جر) لە زمانی کوردی‌دا جاری وایە لە ڕستەدا تەنیا دەردەکەون و پێیان دەوترێت “پێشبەند”:
گۆران دەچێت بۆ کرماشان.
لێرەدا بۆ پێشبەندێکە کە پێش ناوی کرماشان کەوتووە.
کۆسار بە فڕۆکە فڕی بۆ کوردستان.
لێرەدا بە پێشبەندێکە کە پێش ناوی فڕۆکە کەوتووە، هەروەها بۆ پێشبەندێکه کە پێش ناوی کرماشان کەوتووە.
ئەو جۆرە پێشبەندانە پێیان دەوترێت پێشبەندی نەلکاو یان پێشبەندی سەربەخۆ. پێشبەندی سەربەخۆ لە ڕستەدا سەربەخۆ دەنوسرێت و نالکێت بە وشەی پێش یان پاش خۆیەوە.
جاری وایە ئەم پێشبەندانە لەگەڵ پاشبەندێکدا دەکەونە ئەملا و ئەولای وشەیەکەوە، وەکوو:
(لە سلێمانی دا)،
ئەو کاتە بەم دووانە دەوترێت: “دەوربەند یا لابەند” (circumposition)، چونکە ئەملا و ئەولای وشە دەگرن.
ئەم دیاردەیە لە زمانێکەوە بۆ زمانێک جیاوازیی هەیە، زمانی وا هەیە لابەندیان هەر نییە یان زۆر کەم هەیانە. بۆ نموونە فارسی، بەڵام لە زمانی تری وەکوو کوردی، پەشتوو و ئینگلیزی بە شێوازی تایبەت بە خۆیان لابەندیان هەیە.
لە زمانی کوردی‌دا چەند جۆرێک لابەندمان هەیە:
***
٢٦. کێشەی “دە” و “ئە”
لە دەقە کۆنە کوردییەکاندا هەمیشە نیشانەی “دە” بەکار هێنراوە، وەکوو “دەڕۆم” لە باتیی “ئەڕۆم”، ئەوڕۆکە “ئە” زیاتر سەری هەڵداوە، بەڵام بۆ پاراستنی شێوازی ئەدەبیی کوردی تا بکرێت باشترە کەڵک لە “دە” وەربگرین لە باتیی “ئە”.
نالی دەفەرمێت:
گەر دەپرسی من لەبەر چی کەم دەخۆم
من بە برسی قەت مەزانە غەم دەخۆم
***
٢٧. کێشه‌ی (له)
(له)، هه‌ندێ جار سه‌ربه‌خۆ ده‌نووسرێت: “شۆڕش له کوردستاندا گه‌رمه.”
هه‌ندێ جار ده‌لکێ به وشه‌که‌ی پاشیه‌وه و وشه‌یه‌کی لێکدراو پێک دێنێ: (له‌گه‌ڵ with)، (له‌سه‌ر on)، (له‌ژێر under). له‌و دۆخانه‌دا نابێ به دوو وشه جیا کرێنه‌وه و بنووسرێ: (له گه‌ڵ، له سه‌ر، له ژێر).
(له)، هه‌ندێ جار له‌گه‌ڵ (ئه‌وێ) و (ئێره) کۆ ده‌بێته‌وه و ئه‌و کاته، (ئە) و (ە ئـ) ده‌قرتێنرێن:
له ئه‌وێ = له‌وێ.
له ئێره = لێره
***
٢٨. کێشەی (بێ) یان (به‌بێ)
لێره‌دا ده‌مانه‌وێ به‌راوردکارییه‌ک له‌گه‌ڵ زمانه ئه‌ورووپییه‌کاندا بکه‌ین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته باشتره به نموونه‌یه‌ک ده‌ست پێ بکه‌ین:
جیاوازیی (بێکار) له‌گه‌ڵ (بێ کار) له چیدایه؟ لکاندن یان نهلکاندنی (بێ) به وشه‌که‌ی پاشی خۆیه‌وه به‌ته‌واوی واتای وشه‌که ده‌گۆڕێ:
ئه‌و پیاوه دوو ساڵ بێکار بوو.
بێ کار ژیان ئه‌سته‌مه. ده‌کرێ ئاواش بینووسینه‌وه: به‌بێ کار ژیان ئه‌سته‌مه.
هه‌ر کاتێ ناوێکت هه‌بوو و خاوهنێتییهکی لێ سه‌ندرابێته‌وه (بێ) ده‌لکێنین به سه‌ره‌تای وشه‌که‌وه:
بێ‌باوک، بێخانوو، بێکه‌س، بێ‌وڵات، بێ‌نیشتمان، بێپاره، بێتام:
واته: که‌سێ که باوکی نییه. که‌سێ که خانووی نییه و هتد.
ئه‌م مه‌به‌سته، له زمانه ئه‌ورووپییه‌کاندا، زۆر جار به پاشکۆیه‌ک که ده‌لکێ به وشه‌که‌وه دیاری ده‌کرێت:
بێخانوو = homeless
بێتام، بێچێژ = tasteless
(بێـ…) = (less…)
که جیاوازیی هه‌یه له‌گه‌ڵ (without):
(بێ، به‌بێ) = (without)
بێ (بەبێ) تۆ ناچم بۆ ئه‌وێ = I do not go there without you
***
٢٩. کێشەی ئامرازی (تر) و وشه‌ی (تر)
ئامرازی به‌راوردکردن (تر، ترین) ده‌بێت بلکێن به وشه‌کانی پێشیانه‌وه، وه‌کوو:
جوان، جوانـتر، جوانتـرین
گه‌رم، گهرمـتر، گهرمتــرین
وشه‌ی (تر) به واتای (دی، دیکه)
وشه‌ی (تر) وشه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆیه و ده‌بێت به‌جیا بنووسرێت:
کابرایه‌کی تر، شه‌وێکی تر، نووسه‌رێکی تر.
***
ئامرازی “پێ“، “تێ“، “لێ”
ئەم ئامرازانە بەجیا دەنووسرێن و نابێت بنووسێن بە وشەی ترەوە، نموونە:
پێ:
پارەم پێ نەما (نەک پارەم پێنەما).
قسەکەیان پێ بڕیم. (نەک قسەیان پێبڕیم).
پێ:
دەستی تێ خست. (نەک دەستی تێخست).
لێ:
دەستم لێ دا. (نەک دەستم لێدا). واتە دەستم “لە ئەو“، “لە ئەوە” دا. لە ئینگلیزشدا بەجیا دەنووسرێت:
I touched him.
دەنگی لێ هەڵبڕی. (نەک دەنگی لێهەڵبڕی).
بەڵام ئەو ئامرازانە دەنووسێن بە “جێناو”ی لکاوەوە (م، ت، ی، مان، تان، یان):
پێم وت. پێت وت. پێی وت، پێمان وت، پێتان وت. پێیان وت.
لێی دا.
لێم سەند.
***
٣٠. ئاوه‌ڵکار (قید)
کاتێ وشه‌یه‌ک چۆنێتیی (کار، فرمان، کردار = فعل)ێک ڕوون کاته‌وه پێی ده‌وترێ ئاوه‌ڵکار (قید). نموونه:
ئاسۆ به‌خێرایی قسه‌ی ده‌کرد. (چۆن قسه‌ی کرد؟ “به‌خێرایی”)
سۆما به‌تووڕه‌یی وه‌ڵامی دایه‌وه. (چۆن وه‌ڵامی دایه‌وه؟ “به‌تووڕه‌یی”)
لانه به‌ئه‌سپایی هاته‌وه. (چۆن هاته‌وه؟ “به‌ئه‌سپایی).
ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێگای سهرنجڕکێشانه، ئه‌وه‌یه که “به” دەلکێت به ئاوه‌ڵناوه‌که‌ی پاشیه‌وه و، نابێت لێک دوور بخرێنەوە. نموونه‌ی تر:
به‌جوانی، به‌شادی، به‌به‌رزی، به‌هێواشی، به‌توندی.
ئه‌م شێوازه له زمانی ئینگلیزی‌دا (ly) ده‌گرێت و لەو زمانەشدا دەنووسێت به ئاوه‌ڵناوه‌که‌وه: (به‌سه‌ختی lyhard)، نەک (بە سەختی ly hard).
(بە) کاتێک واتای سەربەخۆی هەبێت بەجیا دەنووسرێت:
بە ئوتۆمبیلەکەم ڕۆیشتم.
***
٣١. وشه‌ی بیانی
هه‌ر وشه‌یه‌کی بیانی هاتبێته ناو کوردییه‌وه ده‌بێ به ڕێنووسی کوردی بنووسرێت یان ئه‌گه‌ر پێویست بوو وه‌کوو خۆی بنووسرێته‌وه ده‌بێ بخرێته ناو دوو که‌وانه‌وه (…).
ئه‌ڵڵا، قه‌ڵه‌م، ئه‌کبه‌ر.
له زمانی کوردی‌دا به (مذهب) ده‌ڵێن “ڕێباز”.
***
تاقیکاری:
ئەگەر پێتان خۆشە لە زانیاریی خۆتان لە ڕێنووس و ڕێزماندا تاقی بکەنەوە، فەرموون لە چەند تاقیکارییەک بۆ ئەو مەبەستە بەشداری بکەن:
***
٣٢. خاڵبەندی
خاڵبەندی بەشێکی گرنگە لە ڕێنووسی زمانێکدا، ئەو بابەتە بەجیا لێرە چاوی لێ بکەن: (خاڵبه‌ندی) .
٣٣. تەختەکلیلی ستانداردی کوردی
بۆ نوووسین بە کوردی تەنیا کەڵک لە تەختەکلیلێک وەربگرن کە لەلایەن گرووپەکانی زانستپەروەرانی کورد، کوردئایتیگرووپ، چاوگ، فەرمانگەی ئایتیی کوردستان، ئەکادیمیای کوردی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ناسێنراوە، هەر ئەوەش لە سیستەمەکانی مایکرۆسۆفت و ئوبونتوو و هتد جێگیر کراوە. لە هەندێک لەم شوێنانەدا دەتوانن تەختەکلیلی کوردی دابگرن:
١. فەرمانگەی ئایتیی کوردستان (تەختەکلیلی ستاندارد بە ڕیزبوونی ئینگلیزی یان عەرەبی)
٢. کوردئایتیگرووپ (تەختەکلیلی ستاندارد + فۆنت)
٣. چاوگ (تەختەکلیلی ستاندارد)
٤ وێبچن (بۆ ڕاژە لە بواری وێب)
٥. زانستپەروەرانی کورد (بۆ ڕاژە لە بواری ئایتی)
***
ئەم خاڵانە لەسەر بنەمای بڕیارەکانی “ئەکادیمیای کوردی” لەسەر ڕێنووس: “١“، “٢” ئامادە کراون. هەروەها بە هاوکاری لەگەڵ گرووپە ئایتییەکانی زانستپەوەرانی کورد، کوردئایتیگرووپ، چاوگ و بڕیارەکانی “فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیاری” لە کوردستان و ڕەوتی چێ‌بوونی تەختەکلیلی کوردی لەسەر بنەمای یونی‌کۆد و کاری زمانناسانی تری وەک “مامۆستا فەرهاد شاکەلی” ئامادە کراون. هەروەها بۆ سەردەمیانەکردنی ناوەرۆکەکە کەڵک لە ئەزموون و تەجروبەی زمانانی سویدی و ئینگلیزی وەرگیراوە.
ئەم خاڵانە کراون بە بنەما بۆ نووسینەکانی ماڵپەڕی “زانستپەوەرانی کورد” و بەرنامەی فێرگەی زمانی کوردی کە ڕاستەوخۆ لە ئاسۆسات بۆ ماوەی چوار ساڵ لە 2010 بەو لاوە بڵاو کرایەوە. هەروەها لە ڕۆژهەڵات بوو بە بنەما بۆ زۆر فێرگەی تری زمانی کوردی.
تێبینی:
زمان بەردەوام لە گۆڕاندایە، هەر لەبەر ئەوە ئەم خاڵانەش دەتوانێت لە داهاتوودا گۆڕانیان بەسەردا بێت یان دەوڵەمەندتر و بەپێزتر بکرێن. هەر بۆیە ئەم ماڵپەڕە و ئەم بابەتی ڕێنووسە نوێترین بڕیارەکان لەخۆ دەگرێت.
مافی لەبەر گرتنەوە یان کۆپیڕایت:
هەموو ئەم بابەتانە بۆ ئەوە ئامادە کراون کە بەبێ بەرامبەر و بەخۆڕایی بگەنە بەردەستی هەموو کورد لە هەموو دنیادا. هەر بۆیە زیاتر بە دیجتاڵی لەبەردەستدان. هەندێک جار کراون بە پی‌دی‌ئێف. هەر قوتابی یان خوێندکار یان نووسەرێک بۆی هەیە بۆ کاری توێژینەوە و لێکۆڵینەوە و کتێبنووسین بەکاری بهێنێت. وەک سەرچاوە دەتوانن ئاماژە بکەنە ئەمەی خوارەوە:
سەرچاوە: “ڕێنووسی زمانی کوردی، ئامادەکردنی: دیاکۆ هاشمی، یەکەم بڵاوکردنەوە: 06-09-2003“.
دوایین نوێکردنەوە: 14-03-2019. ناونیشانی ماڵپەڕ: ڕێنووس/diyako.yageyziman.com.
***
بابەتی پێوەندیدار:
***
ئامادەکردنی: دیاکۆ هاشمی
یەکەم بڵاوکردنەوە: 06-09-2003
دوایین نوێکردنەوە: 14-03-2019
***
کۆتایی