قوتابخانەی زمانی کوردی

رێنووس و ڕێزمان – Kurdish language school

(دوور) یان (دۉر) پرسیارێکیش لێرەدایە! حامید کۆنەپۆشی

سازی ناساز/ سەردەمانێک کە هێشتا ڕێنووسی کوردی جێگر نەبوبوو، بۆ جیاکردنەوەی هەندێ دەنگی وەک /ڕ/ لە دەنگی /ر/ کەڵک لە دوو نیشانەی(رر) وەردەگیرا و بۆ نیشاندانی /ڵ/ یان لامی قەڵەو دوو لام (للـ) بەکار دەهات. هەر لەم سەردەمەدا بۆ جوێکردنەوەی دەنگی بزوێنی /ی/ درێژ لە دەنگی بزوێنی /ی/ ی کورت، دوو /ییـ/ بەکار دەهات و بۆ نموونە بۆ ئەوەی بکوترێت کە دەنگی /ی/ لە «شیر»دا دەنگی درێژە، دەنووسرا «شییر». هەر بەو شێوەیە نیشانەی /وو/ بۆ دەنگی بزوێنی /و/ی درێژ واتە/û/ دانرا.

بەڵام چون دەنگی بزوێنی /ی/ کورت و درێژ مانایان نەدەگۆڕی و ئاوەڵدەنگ[۱] بوون نەک فۆنێمی[۲] سەربەخۆ کە دوو پیتی سەربەخۆی بۆ دابنرێت، ڕێنووسی کوردی لە ڕەوتی خۆچاککردنی خۆیدا، نیشانەی دوانەیی /ییـ/ لە ملی خۆی داماڵی. هەروەها ڕێنووسی کوردی نیشانەی وەکوو /ڕ/ و /ڵ/ی بۆ خۆی دانا و نیشانەی دووانیی /رر/ و /للـ/ی لە ملی خۆی کردەوە.

کۆڕی زانیاریی کورد لە حەفتاکانی سەدەی زایینیی ڕابوردوودا، هەوڵی دا بە دانانی /وَ/ بۆ دەنگی /û/ ، ڕێنووسی کوردی لەدەستی /وو/ ڕزگار بکات. سەرەڕای ئەوەی زۆرێک کتێب بەو شێوەیە چاپ کرا، بەڵام ئەو هەوڵە سەری نەگرت و بە هۆکارگەلێک کە من نازانم چی بوون، نیشانەی /وو/ گەڕایەوە نێو نووسینی کوردی.
مامۆستا هەژار هەوڵی دا لە فەرهەنگی «هەنبانەبۆرینە»دا، وەفای خۆی بۆ ئەو ڕێچکەیەی کۆڕی زانیاری بنوێنێت و وا بزانم نەیویست دڵی نیشانەی /وو/یش بشکێنێت بۆیە بۆ ئەو دەنگە نیشانەی سەیری /ۇ/ ی بەکارهێنا. ئەو نیشانەیەی مامۆستا هەژار بە جۆرێک بە گەڕانەوە بۆ سیستەمی ئیعراب لێکدرایەوە و بۆیە پاش هەنبانەبۆرینە نیشانەی (ۇ) بە جیددی وەرنەگیرا و جێگایەکی لە ڕێنووسی کوردیدا بۆ خۆی نەکردەوە.

ئەو میراتە سەرەتاییەی بە دوو پیت نووسینە کە لە (وو)دا بۆمان ماوەتەوە، هەندێک گرفت دروست دەکات و ئێستا ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت کە بپرسین ئەگەر هەوڵەکەی کۆڕی زانیاری دووپات بکەینەوە، ئاخۆ چیمان دەست دەکەوێت و چ زیانێکمان وێ دەکەوێت؟ من لێرەدا هەوڵ دەدەم ئەو گرفتانەی کە نیشانەی/وو/ دروستی دەکات، بخەمە پێش چاو:
– نیشانەی /وو/ لە دوو نیشانەی /و/ پێکهاتووە و بێجگە لەوە کە نابێت دەنگێک بە دوو نیشانەی دەنگێکی تر ، بنووسرێت، خودی نیشانەی /و/ خۆی نیشانەی دوو دەنگی ترە! واتە لەکاتێکدا کە لە ڕینووسی کوردیدا نیشانەی (و) نوێنەری دەنگی بزوێنی/u/ لە وشەی«کورت » دایە، هاوکات نوێنەری دەنگی /w/ لە وشەی «وریا»دایە. بەڵام ڕێنووسی کوردی بەوەوە ناوەستێت و بە دووپات کردنەوەی ئەو نیشانەیە ئەرکی نواندنی دەنگێکی تریشی پێ دەسپێرێت.
– لە کاتێکدا کە دەبێت ژمارەی پیتەکانی وشەی «مێژوو» دەبێت چوار بێت، بەرنامە کامپیۆتێرییەکان بە پێنجی دەژمێرن و تەنانەت خۆیشمان هەر بە دوو /و/ی دەزانین! ئەمە ڕەنگە لەسەر فێر بوونی نووسین و تەنانەت بیرکردنەوەی منداڵان لە پەیوەندیی دەنگ و پیت، کارتێکەریی خراپی ببێت.
– هەندێ جار دوو دەنگی /uw/ دەکەونە دوای یەکتر و لە دەنگی /û/ جیا ناکرێنەوە. بۆ نموونە ئەو ڕەگی کارانە کە بە /وو/ کۆتایی دێن، وەکوو «بوون » و «چوون »، گەردانی ڕابردووی نیزیک و سادەیان لێک جوێ ناکرێتەوە. «بووم=buwim» «بووم=bûm » یان «چووم=çuwim» لە بەرانبەر «چووم=çûm»دا. هەرچەند لێڵ بوون دیاردەیەکی ئاساییە بۆ نووسین و هەرچەند بۆ ئەم باسە دەتوانین بە «چووگم ، چوومە=çuwim» لە بنزاراوەی تر گرفتەکە چارە بکەین، بەڵام ئیمکانی دروست بوونی گرفت لەلایەن ئەو لێکچوونەوە هەر وەکوو خۆی دەمێنێتەوە.
– نووسینی /وو/ دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی زیاتری نووسینی کوردی. وەکوو بەڕێز حەسەن سۆران دەیوت ئێمە ڕۆژانە هەزاران /و/ی زیادە دەنووسین. بە بەڵگەهێنانەوەیەکی لەو شێوەیە کە ئێستا لە باشووری کوردستان لە زۆرێک شوێندا، لەجێی «مێژوو» دەنووسن «مێژو» و زۆر بێ‌دەربەستانە ئەوە لەپێش چاو ناگرن کە بزوێنەکانی /وو=û/ و /و=u/ دوو فۆنێمی سەربەخۆن و دوانەی ماناگۆڕی[۳] وەکوو (کوڕ/کووڕ )یان (تور/توور)مان هەیە و بۆمان نییە وەک یەک فۆنێم لەگەڵیاندا هەڵسوکەوت بکەین.
– لە شێوەزارەکانی باشووردا، لەوانە کەلهوڕی و گەڕووسی، نیشانەی ( ۊ) یان بۆ دوودەنگیی[۴] /وی/ داناوە. بۆ نموونە کاتێک کرمانجێکی مەهابادی دەنووسێت «دوور»، شێوەزارەکانی خوارەوە بۆ نواندنی جیاوازیی دەنگەکەی خۆیان لەگەڵ کرمانجیی خواروودا دەنووسن «دۊر»؛ هەرچەند ڕەنگە ئەو دوو دەنگە دوو دەنگی ماناگۆڕ نەبن و بکرێت بە دانانی یەک نیشانە وەکوو /ۉ/ ئەو دوو دەنگە لە یەکتردا کۆ بکرێنەوە. بۆ نموونە کاتێک دەنووسرێت «سۉر» هەر شێوەزارێک وەکوو خۆی بیخوێنێتەوە. (ئەم بەڵگەیە لاوازە)
پێشنیاری من گەڕانەوە بۆ پێشنیارەکەی کۆڕی زانیارییە، بە دەستکارییەکی بچووکەوە: ئەمجارە نیشانەیەکی وەک /ۉ/ لە جێی /وو/ بەکاربهێنرێت. ڕەنگە بەو شێوەیە دەقی کوردی کورتتر ببێتەوە، زەمینەی هەڵەی ڕێنووسی لە ڕۆژنامەوانیدا کەمتر بێتەوە و فێرکردنی نووسینی کوردیش تەنانەت لە ئێستایش ئاسانتر ببێتەوە.
ڕەنگە سەردەمانێک تیکنۆلۆژی خۆی وەکوو بەربەستێک بۆ پێشنیاری چاککردنی ڕێنووس بنواندبایە و لە گرفتی سەختەواڵەیی وەک چاپخانە و ماشێنی تایپدا، ئیمکانەکانی سنووردار بکردبایەت؛ بەڵام ئەمڕۆ تیکنۆلۆژی ڕێگا دەدات لە هەفتەیەکدا بنەمای نەرمەواڵەیی بۆ جێبەجێ کردنی پێشنیاری لەو شێوەیە دابین بکرێت.

من ئەم باسەم وەکوو بیرخستەوەیەک و پێشنیارێک هێناوەتە گۆڕێ و هاوکات زیانە گەورەکەی ئەو پێشنیارەیشم لەپێش چاوە: لە سەردەمێکدا کە ڕێنووسی کوردی بەرەو جێگیربوون دەچێت، پێشنیاری تازە شڵەژان و ناجێگیری دروست دەکات. ئەوەتا خۆم باسەکەم بە ڕێنووسی باوی ئێستا نووسیوە.

[۱] – allophone
[۲] – phoneme
[۳] – minimal pair
[۴] – diphtong

2 comments on “(دوور) یان (دۉر) پرسیارێکیش لێرەدایە! حامید کۆنەپۆشی

  1. Rawaz
    ته‌مموز 11, 2014

    بەرێزان ئەم کاتەتان باش

    ‌لە ئێمەوە قوبوڵ بفەرمون ڕێزێکی بەرز
    وەک چیاکانی کوردستان

    ‌‌من ئاسودە دەبم کە کاتێک بەڕێزتان
    ئاگادار دەکەمەوە سەبارەت بە
    پڕۆژەکەمان

    کە ئەمە ناوەڕۆکەکەیەتی: من بڕیارمدا کە
    هەمو ئەو فەرهەنگە ئەلکترۆنیانەی
    بونیان هەیە کۆبکەمەوەو هەمویان بکەم
    بە فەرهەنگێکی ستانداردی ڕێکوپێک وە
    دوای تەواوبونی ڕادەستی ئەکادیمیای
    کوردی بکەم بۆئەوەی ئەوان تەتەڵەو
    شەنوکەوی بکەن وە بڕیاری لەسەر بدەن کە
    ببێتە فەرهەنگی ستانداردی کوردی تا
    چیتر هەرکەس هەڵنەسێو لەلای خۆیەوە
    کۆمەڵە وشەیەک بکاتە کوردی و بە ویست و
    ئارەزوی خۆی واتای ناقۆڵای بۆ دابتاشێت.

    ئەم کارانە هەنگاوێکن بۆ
    بەستاندارکردنی زمانی کوردی

    ‌بۆ ئەم مەبەستە چەند کەسێکی دڵسۆزم
    ناسی تاوەکو هەمومان بەیەکەوەو دەست
    لەناو دەست ئەم شۆڕشە بەرپاکەین لەوانە
    مامۆستا جەمال عەبدول . مامۆستا سۆزان
    جەمال لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم
    .دکتۆر وەلی لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی
    هەولێری پزیشکی کە سایتی

    inkurdish.com

    بەڕێوەدەبات وە خۆی بونیادنەری
    ئەوسایتە گەورەیەیە کە بووە بە گوڵێکی
    گەشاوە لە ناو باخی سایتەکوردیەکاندا .
    وە کاک ئاراسی هوسێنی لە ڕۆژهەڵات وە
    کاک ئاسۆ مەحمودی لە مەریوان کە
    فەرهەنگی زانستی بۆناردم وە کاکە ڕێباز
    لە بەشی کۆمپیوتەری زانکۆی
    سەلاحەدین.وە هەروەها کاک ئاراس نوری لە
    ئەڵمانیا
    ‌کە هەمومان دەمانەوێت دەست لەناو دەست
    پڕۆژەکە تەواو کەین

    ‌‌
    ‌پێویستە ئەم ئیشانە لە هەمو هەوڵەکانی
    ڕابردو ڕێک و پێکتربێ چونکە لەوانیە
    ببێتە بنەمای زمانێکی ستاندارد بۆ
    نەتەوە بەدبەختەکەمان
    ئێمە ئینشائەڵا ئەم کارە جێبەجێی
    دەکەین‌.

    لەگەڵ هاوڕێکانمدا تائێستاکۆمەڵە
    فەرهەنگێکی زۆرمان کۆکردۆتەوە بە شێوەی
    فایلی مایکرۆسۆفت وۆرد

    ‌ئێمە ئەمکارە بۆ ناوبانگ ناکەین بەڵکو
    دوای ئامادەکردنی ڕادەستی ئەکادیمیای
    کوردی دەکەین تا ئەوان بژاریبکەنەوەو
    بڕیاری لەسەربدەن

    پڕۆژەکەی ئێمە تەنها یەک فەرهەنگ نیە
    بەڵکو پڕۆژەیەکی گەورەیەو چەندین
    فەرهەنگی لەخۆگرتوە
    ‌بۆنمونە: پزیشکی . ئەندازیاری.
    ڕاگەیاندن. نەوت. هونەر. زەوی ناسی .
    کیمیا. فیزیا. سەربازی.توێکاری مرۆڤ
    ‌وە ڕەنگە چەندین بواریتریش زیاد
    بکەین
    ‌‌
    بەڕێزان پێشتر کۆمەڵێک کەسی دڵسۆزو
    خاوەن هەڵوێست کۆمەڵێ فەرهەنگیان کردوە
    بە کوردی ئەو کەسانە شایستەی ئەوەن کە
    خەڵات بکرێن ئەو کارەی ئەوان جێگای
    دەستخۆشیە
    بەڵام ئەم بەڕێزانە زۆرینەیان
    وشەکانیان لە عەرەبیەوە کردوە بە کوردی
    واتە بەگوێرەی تێگەیشتنی خۆیان واتایان
    داوە بە وشەکان نەک بەگوێرەی لایەنی
    زانستی وشەکە

    ‌ئەگەر وشەیەکی ئینگلیزی بەنمونە
    وەربگرین پاشان بێین بە جیاجیا سەیری
    واتای ئەو وشەیە بکەین لە هەریەکە لەو
    فەرهەنگانەدا دەبینین کە لە هەر
    فەرهەنگێکداو مانایەکی هەیە.

    بەڕێزان ئامانجەکانی پرۆژەکەم لەم
    چەندخاڵەدا کورت کردوەتەوە:
    1- دروستکردنی بەربەستێک بۆڕێگریکتدن لە
    کەرتبون و پارچەپارچەبونی زمانی کوردی

    ‌2- ڕاستکردنەوەی هەموئەو
    وشەوزاراوانەی کە بە نازانستی بەکوردی
    کراون

    ‌‌3- چەسپاندنی هەمو ئەووشەوزاداوانەی
    کە وەزارەتی پەروەردەی حوکمەتی هەرێم
    بەکوردی کردون لە ناو پرۆگرامو مەنهەجی
    قۆناغەکانی خوێندندا

    ‌4‌- بۆ ئەوەی ئەم فەرهەنگە ببێتە
    ئاسانکاریەک بۆ هەمو ئەو بەڕێزانەی کە
    دەیانەوێت پەڕتوکی زانستی بنوسن
    وەئەم فەرهەنگە وەک سەرچاوە بە
    کاربهێنن بۆ وەرگێرانی زاراوە
    زانستیەکانیان
    و‌ە خۆیان ماندونەکەن بە وەرگێرانی
    زاراوەکانەوە
    و‌ە بەدوربن لە داتاشینی وشەو واتای
    نەشیاو نازانستی بۆ زاراوە زانستیەکان
    ‌‌

    ‌من ئه‌توانم بڵم كه‌ ئاسوده‌م
    چونكه‌ له‌م دونیایه‌دا كه‌سى زیندوى
    وه‌ك ئێوه‌ هه‌یه‌.
    ‌بەڕێزان پێشنیارێکی بچوکم هەیە
    ‌پێشنیارەکەش ئەوەیه
    کە من داوا لە بەڕێزتان دەکەم بێزەحمەت
    کە هەمو ئەو زاراوانەی کە کراون بە
    کوردی بۆمان ڕەوانە بکرێت ‌
    له‌سه‌ر شێوه‌ى فایلى (Microsoft Word) ‌

    د‌ڵخۆشدەبین کە هەنگاوەکەی بەڕێزیشتان
    کەلێنێک پڕبکاتەوە لە ناو پڕۆژەکەدا
    ‌ دوای تەواو بونی دەیخەینە خزمەت
    كوردانى هه‌ر‌چوار پارچه‌ى
    كوردستانه‌ داگیركراوه‌كه‌مان‌


    وته‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێت : ئێمه‌
    ته‌نها یه‌ك جار به‌م دونیایه‌دا
    تێپه‌ڕده‌بین, كه‌واته‌ با له‌كردنى
    چاكه‌دا كه‌متارخه‌مى نه‌كه‌ین
    چونكه‌ جارێكى تر ناتوانین
    بگه‌ڕێینه‌وه‌ ته‌نانه‌ت بۆ كردنى
    یه‌ك چاكه‌ش

    ‌لەوەڵامەکەتان ئاگادارمان بکەنەوە

    له‌گه‌ڵ جوانترین ڕێزو چه‌پكه‌ گوڵى
    سپى بۆ ئێوه‌ى ماندونه‌ناس‌


    ‌هوادارم هەموساتێکتان لوان لێوی
    کامەرانی بێت

    ‌‌برای بچوکتان
    ‌ ڕەوەز جەلال ئەمین
    ‌کوردستان

    Skype: Rawaz-Jalal

    Mobile: 00964 750 343 42 31

    E-mail Address: Rawaz7509@Yahoo.com

    E-mail Address: Rawaz7509@gmail.com

  2. bakr azizan
    حوزه‌یران 15, 2018

    ئەو بەڕێزە ئاماژەی پێ نەکردوە لە کام سەردەمێك ڕێنوس بەو شێوەیە بووە
    دیاردەیەکی دەگمەنە

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google photo

You are commenting using your Google account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

Information

This entry was posted on ته‌مموز 29, 2013 by in پێشنیار- Suggestions.

ڕێنیشاندەر

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: